راپۆرتێکی نێودەوڵەتی: ئێران 20 جۆر مووشەک بۆ میلیشیاکانی نزیک لەخۆی دەنێرێت

راپۆرتێکی نێودەوڵەتی لەبارەی توانای ئێران لە دروستکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پێدانیان بە میلیشیا شیعەکانی عێراق، لوبنان و یەمەن، بڵاو دەکرێتەوە. پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیجییەکان، کە لە ساڵی 1958ـەوە بۆ توێژینەوە لەبارەی ئاسایشی جیهانی دامەزراوە و بارەگاکەی لە بەریتانیایە، راپۆرتێکی لەبارەی مەترسییەکانی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێران لەسەر تێکدانی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵاو کردووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا، تیشک خراوەتە سەر ئەوەی، وڵاتانی کۆریای باکوور، چین و رووسیا بەشدارن لە دروستکردن و پەرەپێدانی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران، کە تەنیا بۆ حاڵەتی بەرگری بەکار نایەن، بەڵکو لە شەڕەکانیشدا بەکاردەهێندرێن. بەپێی راپۆرتەکە، ئێران نزیکەی 20 جۆر مووشەک بۆ گرووپ و میلیشیا شیعەکانی عێراق، یەمەن و سووریا، کە شەڕ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکەن، دەنێرێت. هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئێران لە هەوڵی بەرزکردنەوەی توانا و وردیی مووشەکەکاندایە، بەشێوەیەک، کە لێژنە لێکۆڵینەوەکان نەگەنە ئەو راستییەی ئەو مووشەکانە لەلایەن ئێرانەوە دروست کراوە. ئەو پەیمانگایە لە راپۆرتەکەیدا، بە ئاماژەکردن بەوەی گرووپ و میلیشیا شیعەکان بە مووشەکە ئێرانییەکان سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک دەدەن، رایگەیاندووە: ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن ئەو گرووپ و میلیشیایانەوە بەکار دێن، کە دەسەڵاتی حکوومەتەکانیان بەسەرەوە نییە و ناتوانرێ لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، پێویستە ئەو وڵاتانەی دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەکەن، ئاگاداربن لەوەی هەڕەشە و مەترسیی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر دەبن.