لە سنووری کەرکووک بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی حەوت کەس بوونە قوربانی

شەوی ڕابردوو بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە لە گوندێكی سنووری ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای كەركووك، كەسێك كوژراوە و شەش كەسی دیکەش بریندار بوون. محەمەد وەیس، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “شەوی ڕابردوو لە گوندی “یارمچە”ی سەر بە ناحیەی لەیلان شەڕ لە نێوان دوو خێزاندا ڕووی داوە و تێیدا چەك بەكار هێندراوە و لە ئاكامی ئەو شەڕە كەسێك كوژراوە و شەش كەسی تریش بریندار بوون”. شایەتحاڵێك لە ناوچەكە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە21ی 4ی2021، ناوچەكە نائارام بووە”. هەر لەمبارەوە، عامر نووری، گووتەبێژی پۆلیسی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پۆلیس پەراوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و بریندارەكانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە”.