پارێزگاری هه‌ولێر: دەزگا ئەمنییەكان ئەنجامدەری تاوانەكەی دوێنێ دەدۆزنەوە

ئەمڕۆ هەینی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەبارەی ڕووداوی دڕاندن و فڕێدانی پەڕەكانی قورئانی پیرۆز لە شەقامێكی هەولێر ڕای گەیاند كە دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەو تاوان و ڕەفتارە ناشایستەیە دەدۆزنەوە، کە ئامانجیان تێکدانی ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵایەتییە. پارێزگاری هەولێر لەمبارەیەوە راگەیەندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە “سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆییەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وەک سووکایەتیکردن بەپیرۆزییەکانی خەڵک، لاپەڕەکانی قورئانی پیرۆز بە دڕێندراوی لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر بڵاو کراوەتەوە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی دڵنیا دەکەینەوە، دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون لە زووترین کاتدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوان و ڕەفتارە ناشایستیە کە ئامانج لێی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە لە شارەکەمان دەدۆزرێنەوە و بەسزایی یاسایی خۆیان دەگەن”. لە كۆتاییشدا ئاماژەی بەوە داوە “ئەو جۆرە ڕەفتارە ناشایستە و دوور لە بەها ئەخلاقییە، دوورە لە ئاکار و ڕەوشتی خەڵکی شاری هەولێر و بەهیچ شێوەیەک قابیلی قەبووڵکردن نییە و هەر كەس و لایەنێك لە پشت ئەنجامدانی بێت، بە سزای خۆیان دەگەن”.