بەڕێوەبەرى نەوت و کانزاکانى هەولێر سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنرین لە هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە دەدات. ئارى کاکەشین، بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “چەند رۆژێکە نرخى بەنزین تاڕادەیەک بەرزبووەتەوە ، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە ئەویش گرانبوونى نرخى نەوتى خاوى جیهان و دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار چونکە نرخى سووتەمەنى بەگشتى کە لە نەوتى خاوەوە بەرهەم دەهێندرێت بە دۆلارە”. راشیگەیاند: “هۆکارێکى دیکەى بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین لە هەرێمى کوردستان بەهۆى بڕیارێکى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانە، بۆ بەرزکردنەوەى کوالێت و خەسڵەتى بەنزین، ئەمەش لەپێناو سەلامەتى هاووڵاتیان و پاراستنى ژینگەى کوردستان، چونکە پێشتر بۆنموونە بەنزینى نۆرماڵ ئۆکتانەکەى لەخوار 90 بوو، بەڵام ئێستا بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێ هیچ بەنزینێک ئۆکتانەکەى لە 90 کەمتربێ”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد: “ئێمە ئاسانکارى بۆ بەنزینخانەکان دەکەین و بەردەوام لەگەڵیان لەسەر هێڵێن بۆ ئەوەى نەهێڵین لەوە زیاتر نرخى بەنزین گران بکەن، بۆ باشتر راییکردنى کارەکانیشیان ئەنجوومەنێکمان بۆ دروست کردوون، بۆیە پێشبینى دەکەم نرخى بەنزین دابەزێت یان لانیکەم بەو نرخەى ئێستابێ، کە بۆ هەر لیترێک بەنزینى نۆرماڵ لە نێوان 600 بۆ 625 دینارە، بەڵام لەوە گرانتر نابێت”.