ئەمشەو کوڕ و کچێک لە بەردەم کۆشکێکی شەقامی سالم لە شاری سلێمانی بۆ ماوەی چەند خولەکێک سەمایان دەکرد، بەم هۆیەشەوە بەڕێوبەری ئەو کۆشکەی سەماکەی تێداکراوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و ئاشكرای كرد كە هەڕەشەیان لێ كراوە. لە روونکردنەوەکەی کۆشکی (جان كافێ)دا هاتووە: ”ئەم ئێوارە کاتژمێر هەشت، کوڕ و کچێکی بە رەگەز مەکسیکی لە ناکاو لە نزیک (جان کافێ) دەستیان بە سەما کردووە، بۆ ھەموو لایەکی روون دەکەینەوە، ئەو بابەتە ھیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە”. ئاماژەی بەوەش کردووە: ”بەداخەوە لە پاش ئەم رووداوە دەیان کەس بە نامە و راستەوخۆ ھەڕەشەیان لە ئێمە کردووە. بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندی دارەکان دەکەین، بە ئەرکی خۆیان ھەستن”. ئەوەشی خستۆتە ڕوو: ”بە مافی خۆمان نەزانیوە کە ھیچ رێگرییەک لە سەماکردنەکەیان بکەین، چونکە شەقامێکی گشتییە، ئێمە مافی رێگری ھیچ جووڵە و ئاکارێکی خەڵکیمان نییە”. ئەمە لە کاتێکدایە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو كراوەتەوە و تێیدا دەردەكەوێت دوو گەنج لە شەقامی سالم لە سلێمانی سەما دەکەن، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لێكەوتۆتەوە و هەندێك خەڵك پێی نیگەرانبوون و هەندێكیش بە كارێكی ئاسایی دەزانن.