ڕاپۆرتێكی نێودەوڵەتی دەریخستووە خەرجی سەربازیی وڵاتان لە ساڵی 2020دا نزیكەی دوو هەزار ملیار دۆلار بووە. پەیمانگای توێژینەوەی ستۆكهۆڵم بۆ ئاشتی راپۆرتێكی نوێی لەسەر خەرجی سەربازیی وڵاتان بڵاو كردووەتەوە، تێیدا هاتووە خەرجی سەربازی لە ساڵی 2020دا بە رێژەی 2.6% بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو بەرز بووەتەوە. دیێگو لوبیز دا سیلفا كە توێژەرێكی ئەم پەیمانگایەیە دەڵێ لە كاتی ئامادەكردنی ئەو ڕاپۆرتە پێشبینییان دەكرد بە هۆی پەتای كۆرۆناوە خەرجی سەربازیی وڵات لە ساڵی 2020 كەمتر بێت، بەڵام پێشبینییەكان وا دەرنەچوون، چونكە خەرجییەكان زیاتر بوون. راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە هەندێك وڵاتی وەكو شیلی و كۆریای باشوور خەرجی سەربازییان لە ساڵی 2020 ڕاگرت، بەڵام وڵاتێكی وەكو هەنگاریا خەرجی سەربازیی خۆی زیاتر كردووە. بە پێی راپۆرتەكەش ئەمریكا لە ڕیزبەندی یەكەمی جیهاندایە چونكە لە ساڵی 2020 زۆرترین خەرجی سەربازی هەبووە كە بڕەكەی 778 ملیار دۆلار بووە.