عەلی حەمە ساڵح: تەنیا لە داهاتی خاڵە گومرگییەکانی پارێزگای سلێمانی لە یەک ساڵدا ٨٨ ملیار دینار دیارنەماوە

 عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لە ڤیدیۆیەکدا ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا بەپێی ئەو ژمارەی کە لە خاڵە گومرگییەکانی سلێمانی و گەرمیان وەک داهات بەدەست هاتووە بەراورد بە ئەوەی لە وەزارەتی دارایی تۆمار کراوە ٨٨ ملیار دینار دیار نەماوە. ناوبراو لە ڤیدیۆکەدا رایدەگەیەنێت: “جگە لە نەوت دوو داهاتی دیکە لە هەرێمی کوردستان هەیە کە یەکێکیان داهاتی باجە و ئەوی دیکەیان خاڵە سنوورییەکانە، دۆسییەیەکم لەبەردەستە و کاری جددییم لەسەر کردووە بەڵام هێشتا نەگەیشتوومەتە ئەنجامی کۆتایی، ئەویش داهاتی باشماخ و پەروێزخانە ئەوەی لە خەزێنەی دارایی تۆمارکراوە ٣٣٦ ملیار دینارە بۆ کۆی ساڵی ٢٠٢٠ واتا لە ٪٣٣،٤ ی کۆی داهاتی خاڵە سنوورییەکان لە سنووری گەرمیان و سلێمانییە و لە٪١٢،٧ی لە سنووری هەولێرە و لە ٪٥٤،٥ لە سنووری دهۆکە”. ئاشکراشی دەکات کە سەرقاڵی بەدواداچوونێکە و بەپێی ئەوەی لە گومرگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی واتا لە سلێمانی و گەرمیان بەدەست هاتووە و ئەوەشی کە تۆمار کراوە ٨٨ ملیار دینار دیار نییە و تۆمار نەکراوە. دەشڵێ: “سەبارەت بە ئەو باجەی لە کۆمپانیاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە ١٥٢ ملیار دینارە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کە لە ٪٢٦ دەکات، لە هەولێر لە٪٥١ ەو لە دهۆک لە ٪٢٣ یە”. عەلی حەمە ساڵح راشیدەگەیەنێت: “ئەو داگیرکارییە لە زەویی لە سلێمانی کراوە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە مێژوودا ڕووینەداوە، ئەو قاچاخچییەتییەی لەم دوو سێ ساڵە بەرپرسانی باڵای سلێمانی کردوویانە لە مێژووی مرۆڤایەتیی نەبووە”.