لە كۆنگرێس داوای یادكرنەوەی نەوای ئارام لە هەرێمی كوردستان دەكرێت

ئەمڕۆ هەینی پرۆژەیاسایەك پێشكەشی کۆنگرێسی ئەمریکا كرا کە تێیدا داوا كراوە کۆنگرێس یادی 30 ساڵەی ناوچەی دژە فڕین لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە. مایکڵ واڵتز خاوەنی پرۆژەكەیە و لە سوپای ئەمریکادا ئەفسەر بووە، هەروەها لە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفغانستان خزمەتی کردووە، هەنووكە مایکڵ واڵتز، کۆنگرێسمانی بەرەی کۆماری و نوێنەری ویلایەتی فلۆریدایە و پرۆژەیاساکەی ئامادە كردووه ‌و پێشکەشی کۆنگرێسی كردووە. كۆنگرێسمەن واڵتز گەرەكیەتی جیا لەوەی لەم ڕێگاوە ڕێز بگیردرێ لە سەركردە سیاسیی، سەربازی و دیپڵۆماتكارانی ئەمریكایی كە ڕۆلیان بووە له‌وه‌ی ناوچەی ئارام بۆ كورد بێتە ئاراوە، هاوكات ئامانجیەتی لە ڕێگای پرۆژە یاساكەیەوە پێوەندی كوردستان و ئەمریكا وەكو هاوپەیمانی راستەقینە و پشتپێبەستراو پتەوتر و بەهێزتر بكرێ. والتز له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا باسی له‌وه‌ كردووە‌ كه‌ ئه‌و كوردانه‌ی ئێمه‌ پاراستمانن له‌ مه‌رگ، هه‌نووكه‌ ناوچه‌یه‌كی سه‌قامگیریان ساز كردووه‌ و بوونه‌ته‌ سه‌رپه‌نای ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ هۆی سه‌ركوتی سیاسی و كێشه‌ی ئایینه‌وه‌ هه‌ڵاتوون. دەقی پرۆژەیاساكەی كۆنگرێسمەن مایكڵ واڵتز:لە پاش راپەڕینی مانگی ئاداری ساڵی 1991 دژ بە سەدام حوسێن، دەوڵەتی سەدام بە تانک و هێلیکۆپتەر پەلاماری هاووڵاتییانی مەدەنی کورد و سەدان هەزار کەس لە ژن، منداڵ، بەساڵداچووی دا و بەم هۆیەوە بەرەو ناوچە سنوورییەکان ڕایانكرد؛ ئەوە سەرباری ئەو جینۆسایدەی رژێمی سەدام دژ بە کورد كردی و تێیدا زیاتر لە 200 هەزار کەس کوژران، زیاتر لە 4 هەزار و 500 گوند وێران کران، لە دوای بۆمبارانکردنی کیمیایی شاری هەڵەبجە و هەروەها پەلاماری ئەنفال لە دژیان. لە رۆژەکانی دەسپێكی سەرهەڵدانی قەیرانی پەنابەران و ئەو کۆڕەوەی کە لە ساڵی 1991 رووی دا، رۆژانە لەسەر سنوورەکان لانی کەم هەزار کەس بەهۆی برسیەتی، سەرما و نەخۆشی دەمردن. ئەو کارەساتە کاردانەوەی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێنا کە بووە هۆی دروستبوونی “ئۆپەراسیۆنی دروستکردنی نەوای ئارام” کە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی دەناسرێت و تێیدا هاوکاری مرۆیی پێشکەشی خەڵک کرا و ناوچەی دژە فڕینی سەپاند. “ئۆپەراسیۆنی دروستکردنی نەوای ئارام” هەر ئەو ئۆپەراسیۆنەیە کە کورد تاوەکو ئێستا بەرز دەینرخێنێت بەدیاریکراوی دروستکردنی ناوچەی نەفڕین کە کوردی تاوەکو ساڵی 2003 پاراست و كەشێكی لەباری بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی سەقامگیر و هێمن رەخساند، کە ئەم کوردستانەی ئەمڕۆی لێكەوتۆتەوە. هەنووكە هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە گەورەترین ناوچە ئارام و سەقامگیرەکانی جیهان دادەنرێت بە لەخۆگرتنی ئاوارە و پەنابەرانی قەیران و هەڵاتووان لەبەر داپلۆسینی سیاسیی و ئاستەنگە ئایینییەكان. لە هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە کوردەکان، یەکێكن لەو لایەنە متمانەپێكراوانەن كە بەردەوام لە شەڕی تیرۆردا هاوپەیمانی ئەمریكا بوون. بۆیە ئێستا لەم پرۆژە یاسایەدا ئەم داواکارییانە خراونەتەڕوو: -یەکەم؛ یادکردنەوەی 30مین ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی دروستکردنی نەوای ئارام. – دووەم؛ یادکردنەوە و بەرزنرخاندنی ئەمریکاییە قارەمانەکان لە سەرباز، دیپلومات، ڕێبەرانی سیاسیی و هاوپەیمانانی ئەمریکا کە ئۆپەراسیۆنی دروستکردنی نەوای ئارامیان بەڕێوە برد. – سێیەم؛ یادکردنەوە و بەرزنرخاندنی زیاتر لە 2 ملیۆن ژنی کورد، منداڵ و پیاو کە بەنەهامەتی برسیێتی و مەترسییە سەختەکاندا تێپەڕبوون و هاوکارییە مرۆییەکانی ئەمریکایان وەرگرت و ژیانێكی نوێیان دەستپێكرد. – چوارەم؛ جەختکردنەوە لە هاوپەیمانی بەهێزی کوردی-ئەمریکایی و پێشکەشکردنی پاڵپشتی و رێزی بەردەوام بۆ هاوڕێ کوردەکانمان کە بوێرانە شان بە شانی ئەمریکا دژی توندئاژۆیی و تیرۆر وەستاون.