ئەمڕۆ ١ی٥، (١ی ئایار) لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان ڕۆژی جیهانیی کرێکارانە و بە شیوەی جۆراوجۆر یادی ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت و خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرز دەنرخێندرێت. ڕۆژی جیھانیی کرێکاران، یان ڕۆژی 1ی ئایار (بە ئینگلیزی:International Workers’ Day) بە ڕۆژی جیهانیی جەژنی کرێکاران ناسراوە و دەکەوێتە ١ی ئایاری ھەموو ساڵێک ئەم ڕۆژە لە نزیکەی ھەشتا وڵاتی جیھان پشووی فەرمییە، لەم ڕۆژەدا کرێکاران و بزووتنەوە کرێکارییەکان لەوانە سۆسیالیزم و کۆمۆنیستەکان و پارت و لایەنە چەپەکان بە ڕێپێوان و چالاکی و یادی ڕۆژەکە دەکەنەوە. مێژووی ڕۆژی کرێکاران لە ساڵی ١٨٥٦دا کرێکارانی ئۆسترالیا لەپێناو چەسپاندنی ٨ سەعات کار لە ڕۆژێکدا کۆ بوونەوە. ئەم ڕۆژەی ئەو ڕێوڕەسمەیان تێیدا بەرپا کرد٢١ی نیسان بوو. لە سەرەتادا کرێکارانی ئوسترالیا بە تەنیا ساڵی ١٨٥٦ یان لەبەرچاو گرتبوو، بەڵام مەراسیمی یەکەمین ساڵ کاریگەریی گرنگی لەسەر جەماوەری پرۆلیتاریای ئوسترالیا دانا، ھەر بۆیەش وا بڕیار درا ھەموو ساڵێک یادی بکرێتەوە. ڕووداوی شیکاگۆ لە یەکی ئایاری ١٨٨٦دا، زیاتر لە ٣٤٠ هەزار کرێکار لە ئەمریکا دەستیان لەکار کێشایەوە، تەنیا لە شیکاگۆ ھەژماری کرێکارانی مانگرتوو ٤٠٫٠٠٠ کەس بوو. چەند ڕۆژ دواتر پۆلیس لە مەیدانی ھایمارکت دەستیان بە ڕەشەکوژی کرد. سەرەنجام لەو پێکدادانەدا زیاتر لە ٧ کەس کوژران، لەلایەکی دیکەوە لە راگەیاندنەکانی دەوڵەتدا ڕاگەیەندرا، کە ئەفسەرێکی پۆلیس بەھۆی بۆمبی دەستی ئەنارکیستێکەوە کوژراوە. دوای ماوەیەکی زۆر لە شەڕ و توندتیژی دواجار کۆنگرەی دامەزراندنی “ڕۆژنامەی نێونەتەوەیی” سۆسیال دێمۆکرات لە ساڵی ١٨٨٩دا بڕیاری دا ١ی ئایاری بکرێتە “ڕۆژی خەباتی کرێکارن” ساڵانەی بزووتنەوەی کرێکاری و لەو کاتەوە ئەم ڕۆژە بە کۆبوونەوەی جەماوەری و مانگرتن دەستی پێ کردووە. بەڵام ھەروەھا ھەر لە دەستپێکەوە لەناو بزووتنەوەکەدا ڕەخنەش لە١ی ئایار ھەبوو لە فەرەنسە لە ساڵی ١٨٩٢دا ھەژمارێکی زۆر لە ئەنارکیستەکان ڕەخنەیان لەو کەمپەینە گرت، لەوانە سیباستیان فۆرێ، وتی “چیتر ئەمە ڕۆژێکی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکوو سەکۆیەکی دەستەمۆ کراوە بۆ ھەڵبژاردنی دەسەڵاتخوازان، تا لەڕێگەی دەنگی کرێکارانەوە بۆ پەرلەمان ھەڵببژێردرێن”. ساڵی ١٨٩٣ لە کۆنگرەی یەکێتییە کرێکارییەکاندا لە فەڕەنسا لە شاری مارسێلیا جارێکی دیکە ئاراستەی خەباتکارانی ١ی ئایار وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی پێداگری لەسەر کرایەوە، شتێک کە زیاتر دابڕانی لە پارتی سۆسیال دێمۆکرات واوەتر بەرەوپیش برد. دواتر ساڵی ١٨٩٦ کاتێک کە ئەندامانی ئەنارکیست لە کۆنگرەی دووەم کۆبوونەوەی نێودەڵەتیدا لە لەندەن لەبەر ڕەتکردنەوەی پارلەمانتاریزم دەرکران، ئەو لێکدابرانە فراوانتر بوو. لە بەشە جیاجیاکانی کوردستانیش بەهۆی ژێردەستەیی و هەڵاواردنی سیاسی، چینایەتی و کۆمەڵایەتی، چەندین پارت و حزبی کرێکاری سەریان هەڵداوە و بۆ ئازادیی کرێکاران و مافەکانیان خەبات دەکەن. لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان، بەپێی سیاسەت و ڕەوش و بارودۆخی ئەو وڵاتانە کرێکاران لە ڕەوش و ژیانێکی خراپ و ناجێگیر دان.