بەمەبەستی کۆکردنەوەیان لە یەک شوێن و سەرپەرشتیکردنیان لە سنووری قەزای کۆیە شوێنێک بۆ سەگە بێخاوەنەکان دابین دەکرێ کە ئێستا ژمارەیان زۆر بووە. هاوكار ڕەمزی، گوتەبێژی قایمقامییەتی كۆیە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بیرۆكەی دەستنیشانكردنی جێگایەكم لەلا دروست بوو بۆ ئەوەی سەگە بێخاوەنەکانی كۆیەی تێدا كۆبكەینەوە، ئیتر ماوەیەك پێش ئێستا لەگەڵ سەرۆكی شارەوانیی كۆیە دانیشتین بۆ تاووتوێكردنی ئەو بابەتە، بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ سەگی بێخاوەن بدۆزینەوە كە زۆر بوونە”. گوتیشی: “پاشان بڕیاردرا و لە نزیك گوندێكی دەوروبەری كۆیە جێگەیەك دەستنیشان کرا بۆ ئەوەی سەگەكانی تێدا كۆ بكرێنەوە، بەڵام سەرەتا دانیشتووانی گوندەكە هەندێك ناڕازیبوون پاشان رازی بوون، ئێستا شوێنك بۆ سەگەكان دروست كراوە و كراوەتە دوو بەشەوە، بەشێكیان بۆ نێرە و بەشەكەی تریان بۆ مێ”. راشیگەیاند: “لە دوێنێوە پرۆسەی كۆكردنەوەی سەگی بێخاوەنی ناو كۆیە دەستی پێكردووە و دەبردرێن بۆ بۆ ئەو شوێنە تایبەتە، داواش لە رێكخراوەكانی بواری ژینگە و ئاژەڵدۆستان كراوە هاوكاری ئەو پرۆژەیە بن و ئەو شوێنە لەژێر سەرپەرشتی شارەوانیی كۆیە دەبێت، بە هاوكاری بنكەی ڤێتەرنەری كۆیە هەروەها كۆمپانییایەكی تایبەتمەند بەهەڵگرتنی خۆڵ و خاشاك هەیە ئەوان خۆڵ و خاشاكی ئەو شوێنە هەڵدەگرن و هەروەها خواردنیان بۆ دابین دەكەن”.