داعش لە سنووری خورماتوو و سەعدییە پەلاماری هێزە عێراقییەكانی دا

شەوی شەممە چەكدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری قەزای خورماتوو، هاوكات لە سنووری ناحیەی سەعدییە، پەلاماری هێزە عێراقییەكانی داوە و شەڕ لەنێوانیان دروست بووە. ئەحمەد زەرگوشی، بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییەی سەر بە قەزای خانەقین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “شەوی شەممە چەكدارانی داعش، لە دەوروبەری ناحیەی سەعدییە، بەدیاریكراوی لە چوارڕیانی كوباشی پەلاماری خاڵێكی پشكنینی حەشدی شەعبییان دا”. گوتیشی: “شەڕ لەنێوان چەكدارانی داعش و حەشدی شەعبی دروست بووە، بەڵام زیانە گیانییەكانیان نەزانراوە”. هاوكات هەر هەمان شەو، بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری (باسنیوز)، چەكدارانی داعش هێرشی چەكدارییان كردووەتە سەر هێزێکی سەر بە بەتالیۆنی مەغاویری ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین، لە ناوچەی زەرگەی سەر بە قەزای خورماتوو، كە دەكەوێتە سەر ڕێگای نێوان خورماتوو- تكریت، لەسەر زنجیرە چیای حەمرین و شەڕ و پێکدانان لەنێوانیان دروست بووە.