لە کەرکووک 600 هەزار دۆنم زەوی بەهۆی وشكەساڵییەوە ئەمساڵ دروێنە ناكرێن

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ وشكەساڵیە لە پارێزگای كەركووك و 600 هەزار دۆنم زەوی كە تۆی گەنم و جۆ كراوە، بەهۆی كەمی بارانەوە بەرهەمی نەبووە و ئەمساڵ دروێنە ناکرێن. خالید مەجید، جووتیارێكی كوردی ناوچەی هەفتەغاری سەر بە قەزای داقووقە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ساڵی ڕابردوو عەرەبە هاوردەكان و چەكدارانی داعش ئاگریان بەردەدایە دەغڵودانی جووتیارانی كورد، ئەمساڵیش وشكەساڵییە و بەرهەمی گەنم و جۆ وەك پێویست نییە”. گوتیشی: “ئەو جووتیارانەی كە تەنیا بژێوی ژیانیان لەسەر كشتوكاڵ بێت، زۆرینەیان ڕەنگە نەتوانن ساڵی داهاتوو بەردەوام بن لە كارەكەیان”. لای خۆیەوە زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەمساڵ بە ساڵێكی وشكەساڵی دادەنرێت لە پارێزگای كەركووك، بەهۆی ئەوەی ڕێژەی بارانبارین كەمبوو و بەرهەمی گەنم و جۆ ئەمساڵ بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر كەم بوو”. گوتیشی: “لە سنووری كەركووك 600 هەزار دۆنم زەوی كە دێمە و پشت بە باران دەبەستێت و ئەمساڵ تۆی گەنم و جۆ كرابوو، بەڵام بێ بەرهەمە و دروێنە ناكرێن”.