لە رەمەزاندا لە گەرمیان 21 كه‌س بە پەتای كۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە

سەرەڕای هاتنی پێکوتە و وەرگرتنی لەلایەن بەشێکی هاووڵاتییانەوە، بەڵام هێشتا رێژەی تووشبوون و گیان لەدەست دانیش بەهۆیەوە بەرزە و بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیانیش ئاشکرای دەکات: “تەنیا لە 20 رۆژی رابردوودا لە گەرمیان، 21 كه‌س بەو پەتایە گیانیان لەدەست داوە”. د. سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان، ئەمڕۆ دووشەممە (3ی 5ی 2021، بە (باسنیوز) راگەیاند:” لە ماوەی مانگی رەمەزاندا، واتا لە 13ی مانگی رابردووەوە تا دوینێ، کە دەکاتە 20 رۆژ، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، پشكنینی پەتای كۆرۆنا بەخۆڕایی بۆ نۆ هه‌زار و 195 كه‌س كراوە و 989 تووشبووی نوێ تۆمار كراوە”. گوتیشی: “لەم چەند رۆژەی مانگی رەمەزاندا، 21 كه‌س بە پەتاكە گیانیان لەدەست داوە”. بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان داوایی لە هاووڵاتییان كرد، رێكارەكانی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا جێبەجێ بكەن و بە پێکوتەی کۆرۆناش خۆیان بكوتن.