وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان رایگەیاند پێکهاتەکانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێم لە دۆخێکى خراپدا دەژین بەهۆى هەڕەشە و مەترسییەکانى داعش، بۆیە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی لەو مەترسییە ئاگادار کراونەتەوە. ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆکاروبارى پێکهاتەکان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “بەهۆى هەڕەشە و مەترسییەکانى چەکدارانى تیرۆریستى داعش و گروپە چەکدارەکانى ناوچەکە، پێکهاتەکانى نیشتەجێى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمی کوردستان لە دۆخێکى خراپدا دەژین، چونکە بەردەوام لەژێر هەڕەشەى ئەو گروپانەدان، بۆیە بەردەوام کۆچ دەکەن و بەناچارى ناوچەکانیان چۆڵ دەکەن و بۆ هەرێمى کوردستان کۆچ دەکەن”. راشیگەیاند: “پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان لە دۆخێکى زۆر باشدا دەژین و حکوومەتى هەرێمی کوردستان گرنگییەکى باشی بە مافى پێکهاتەکان داوە، چونکە لە دەستوور مافەکانیان چەسپێندراوە، بۆ باشترکردنى دۆخى ژیانى پێکهاتەکان چەند راسپاردەیەکمان داوەتە حکوومەتى هەرێمی کوردستان و ئەوانیش پاڵپشتى خۆیان بۆ پێکهاتەکان دووپات کردووەتەوە”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد: “ژیانى پێکهاتەکان لە ناوچەکانى عێراق بە گشتى لە دۆخێکى خراپدایە بەراورد بە هەرێمى کوردستان، بۆیە ژمارەیەکى زۆرى پێکهاتەکان روویان کردووەتە کوردستان، بۆیە ئێمەش کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیمان لە دۆخى ژیانى پێکهاتەکان و مەترسییەکانى بەردەمیان ئاگادار کردووەتەوە”.
ئایدن مەعروف: پێکهاتەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لە دۆخێکى خراپدا دەژین
