قایمقامى قەزاى مەخموور رایگەیاند لەسەر بودجەى هەردوو پارێزگاى هەولێر و مووسڵ ژمارەیەک پڕۆژەى خزمەتگوزارى لە سنوورى قەزاى مەخمور جێبەجێ دەکرێن، بە گوژمەى زیاتر لە 6 ملیار دینار. رزگار ئیسماعیل، قایمقامى قەزاى مەخموور بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “لەسەر بودجەى پەرەپێدانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و مووسڵ، ژمارەیەک پڕۆژەى خزمەتگوزارى لە بوارە جیاجیاکانى وەکو تەندروستى و پەروەردە و رێگاوبان و ئاو و کارەبا و نۆژەنکردنەوەى شەقامە سەرەکییەکان و لاوەکییەکان، لە سنوورى قەزاى مەخموور جێبەجێ دەکرێن، جگە لە سەنتەرى قەزاکە ناحیە و گوندەکانى ئەو سنوورەش سوودمەند دەبن لە پڕۆژەکان”. راشیگەیاند: چەندین گوند و ناوچە لە سنوورى مەخموور بەهۆى هێرش و پەلامارەکانى داعش لە 2014ەوە چۆڵکراون و تائێستاش دانیشتووانەکەى نەگەڕاونەتەوە، بەشێکى ئەو شوێنانەش پێویستیان بە خزمەتگوزارى هەیە، چونکە بەهۆى هێرشەکەنەوە زیانى زۆر بە پڕۆژەکان گەیشتووە”. ئەوەشى خستەڕوو: “بڕى 5 ملیار و 600 ملیۆن دینار لەلایەن پارێزگاى مووسڵ بۆ مەخموور تەرخانکراوە، جگە لەمەش بڕى 700 ملیۆن دینار لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکە بۆ مەخموور تەرخانکراوە، بەڵام بۆ ئاوەدانکردنەوەى مەخموور پێویستمان بە بودجەى زیاتر هەیە، چونکە بەشێکى زۆرى پڕۆژەکان و رێگاوبان و پردەکان زیانیان پێگەیشتووە”.
بە گوژمەى زیاتر لە 6 ملیار دینار ژمارەیەک پڕۆژە لە قەزاى مەخموور جێبەجێ دەکرێن
