وەزارەتی تەندروستی ڕەتیدەکاتەوە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنای هیندی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرابێ

گوتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەردەوام چاودێرى دۆخى تەندروستى دەکەین و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆناى هیندى لە هەرێمى کوردستان تۆمار نەکراوە. د. ئاسۆ حەوێزى، گوتەبێژى وەزارەتى تەندروستیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “وەزارەتى تەندروستى رێوشوێنى پێویستى گرتووەتەبەر و بەردەوام چاودێرى دۆخى تەندروستیى گشتیى هاووڵاتیان دەکەین، تا ئێستاش هیچ حاڵەتێکى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆڕۆناى گۆڕاوى هیندى لە هەرێمى کوردستان تۆمار نەکراوە،بۆیە دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیان پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات”. راشیگەیاند: “بەمەبەستى کۆنترۆڵکردنى ڤایرۆسى کۆڕۆنا و پاراستنى تەندروستى هاووڵاتیان، حکوومەتى عێراق بۆ ماوەى مانگێک سەرجەم گەشتەکانى لەگەڵ وڵاتى هیندستان راگرتووە، لە بارەى ئەودەنگۆیانەشى کە دەگوترێ چەند حاڵەتێکى ڤایرۆسى کۆرۆناى هیندى لە کەرکووک تۆمارکراوە، تا ئێستا وەزارەتى تەندروستیی عێراق هەبوونى هیچ حاڵەتێکى پشتڕاست نەکردووەتەوە”. ئاماژەى بەئەوەش کرد: “لە هەرێمى کوردستانیش پڕۆسەى پێدانى ڤاکسینى دژە کۆڕۆنا بۆ هاووڵاتیان بەردەوامە و رۆژانە هاووڵاتیان سەردانى بنکەکانى پێدانى ڤاکسین دەکەن، ئەو جۆرە ڤاکسینانەشى بەکاردەهێندرێن هیچ جیاوازییەکیان نییە”.