هەواڵی مردنی سەمیر غانم و دەلال عەبدولعەزیز رەت دەکرێتەوە

سەرچاوەکانی هەواڵی میسری بڵاویان کردووەتەوە، سەمیر غانم، هونەرمەندی ناوداری بواری سینەمای میسر، لە حاڵەتی بێهۆشیدایە و خراوەتە ژێر چاودێریی چڕ. ئەم هونەرمەندە ناودارەی میسر بەهۆی تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا، لە نەخۆشخانە خەوێنرا، راپۆرتە پزیشکییەکانیش ئەوەیان دووپات کردووەتەوە، کە باری تەندروستیی غانم لەم رۆژانەی دواییدا تێکچووە. بەگوێرەی هەواڵەکانی ناوخۆی میسر، سەمیر غانم بە دەست کەمیی ئۆکسجینەوە ناڵاندوویەتی، بۆیە خراوەتە ژێر ئامێری ئۆکسجینی دەستکرد و چاودێریی چڕ، کە هاوکات لەگەڵ تووشبوونی بە کۆرۆنا، گرفت لە گورچیلەکانیشدا هەیە. سەبارەت بە هاوژینەکەیشی، کە ئەویش تووشی کۆرۆنا بووە، سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دۆخی تەندروستیی هونەرمەند دەلال عەبدولعەزیز بەرەو باشبوونە، بەڵام هێشتا لەژێر چاودێریدایە. سەرچاوەی پزیشکیش هەواڵی مردنی هونەرمەند دەلال عەبدولعەزیز، هاوژینی هونەرمەند سەمیر غانم رەت دەکەنەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرابووەوە و جەختیان کردەوە، کە بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی، چەند رۆژێک جیا کرایەوە و برایە ژووری چاودێریی چڕ، بەڵام ئێستا دۆخەکەی باشتر بووە. سەمیر غانم،، لەدایکبووی 1937، یەکێکە لە هونەرمەندە کۆمێدییە هەرە دیارەکانی بواری شانۆ و دراما و سینەمای میسری، کە بەشداریی دەیان بەرهەمی کردووە، هاوسەرگیریی لەگەڵ هونەرمەند دەلال عەبدولعەزیز کردووە، کە ئەمیش هونەرمەندێکی بەناوبانگی بواری شانۆ و درامایە و دوو کچیان هەیە بە ناوی دنیا و ئەمەل.