لاهوور جەنگی، سەردەستەی تاقمی خۆفرۆشی 16ه ئۆکتۆبەر، وێڕای قاچاخچێتی بە هێلکە و مریشک و دووگی ئاژەڵ و ئۆتۆمبێل، لە رێگەی پیاوەکانی لە دژە تیرۆری یەکێتی، بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکات و بەم هۆیەشەوە کێشەی نێوخۆیی یەکێتی زیاتر دەبێت. بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، هەندێک لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی گومانیان لەوە کردووە لاهوور جەنگی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر بکات لە رێگەی پلەدارێکی نێو دژە تیرۆر بە ناوی وەهاب هەڵەبجەیی، بۆیە بە ئاگاداریی بافل تاڵەبانی، دەزگای زانیاریی یەکێتی کەوتۆتە لێکۆڵینەوەیەکی چڕ. سەرچاوەیەکی نێو هێزەکانی دژە تیرۆر بۆ (باسنیوز)ی ئاشکراکرد، تیمێکی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە سیروانی جێگری حەمە تاڵەبانییەوە هەیە، لێکۆڵینەوە لە دەستگیراوێک دەکەن کە یەکێکە لە بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر. لە کاتی لێكۆڵینەوەدا، پرسیاری پەیوەندیی نێوان ئەو بازرگانە و وەهاب هەڵەبجەیی دەکەن. وەهاب هەڵەبجەییش کە زانیاری پێدەگاتەوە بەوەی تیمی لێكۆڵینەوەی زانیاری لە لێكۆڵینەوەکانیاندا ناوی وەهابیان بردوە، راستەوخۆ تەلەفۆن بۆ سیروان دەکات و لە یەکتری تووڕە دەبن و وەهاب نیگەرانیی زۆری خۆی بەرامبەر سیروان و تیمەکەی حەمە تاڵەبانی دەردەبڕێت و دەبێتە دەمەقاڵییان لەسەر تەلەفۆن. لە پەیوەندییەکەدا وەهاب بە سیروانی گوتووە بۆچی ناوی ئەویان هێناوە؟ سیروانیش گوتوویەتی: “بۆ نابێ؟ ئێوە هەمووتان ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن”. وەهاب هەڵەبجەیی راستەخۆ پەیوەندی بە لاهوور جەنگییەوە هەیە و سیروان و تیمەکەی حەمە تاڵەبانیش پەیوەندیی راستەخۆیان بە بافل تاڵەبانییەوە هەیە و بەشێکی ناکۆکییەکانی نێوان لاهور تاڵەبانی و بافل تاڵەبانی شۆڕبووەتەوە بۆ ناو دەزگای زانیاری و هێزەکانی دژە تیرۆر و یەکەی حەفتا. پاش ئەوەی کە سیروان و تیمەکەی رۆژی ٢٦-٤-٢٠٢١ دەچنەوە زیندانییەکانی دژە تیرۆر بۆ درێژەدان بە لیکۆڵینەوە لە بازرگانەکەی ماددەی هۆشبەر، وەهاب هەڵەبجەیی ئاگادار دەبێت و دەستەیەک لە هێزی تایبەتیی دژە تیرۆر بە سەرپەرشتیی سێ ئەفسەری جێمتمانەی خۆی بە ناوەکانی (فوئاد، هەڵمەت و عەزیز) دەچێتە سەر سیروان و تیمەکەی زانیاری و پاسەوانەکانیان چەک دەکەن و لێیان دەدەن، وەهاب خۆشی گولەیەک لە قاچی سیروان دەدات. دوای ئەم رووداوە، لاهوور جەنگی پۆڵادی برای ئاگادار دەکاتەوە کە بە هەر جۆرێک بووە نابێت لەم رووداوە وەهاب هەڵەبجەیی ڕێوشوێنی لەگەڵدا بکرێت و دەبێت بابەتەکەی بۆ داپۆشریت و بڵاو نەبێتەوە. (باسنیوز) زانیویەتی هەرچەندە فەرمانی گرتن بۆ وەهاب هەڵەبجەیی دەرکراوە و شوێنەکەشی دەستنیشان کراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە هۆتێلێکە بە ناوی (ل) لە سەرچنار لە نزیک ماڵی لاهوور جەنگی کە تێیدا زۆربەی دیدارە نهێنییەکانی لاهوور بە تایبەتیش لەگەڵ هەندێک کەس کە خۆیان لە ژێر ناوی رۆژنامەنووسی ئازاد شاردۆتەوە، هێزە ئەمنییەکانی ژێر دەسەڵاتی باڵەکانی دیکەی یەکێتی لە سلێمانی تا ئێستا نەیانتوانیوە وەهاب هەڵەبجەیی دەستگیر بکەن. بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، لە نێو ئەفسەرەکانی زانیاری و بەشێکی دژە تیرۆر ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە وەهاب هەڵەبجەیی بە ئاگاداریی لاهوور جەنگی کارئاسانی بۆ بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان دەکات. لە بەرامبەریشدا باڵەکانی دیکەی یەکێتی بڕیاریان داوە هەرچۆنێک بووە کۆتایی بەم بازرگانییە بهێنن.
لاهوور جەنگی بە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر ناکۆکییە ناوخۆییەکانی یەکێتیی زیاتر دەکات
