خۆپیشاندەران لە بەغدا داوای هەڵگرتنی یەکجارەکیی قەدەغەی هاتوچۆ دەکەن

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە خۆپیشاندانێکی گەورە لە ناوچەی کەڕادە لە ناوەڕاستی بەغدا بەڕێوە چوو و تێیدا خۆپیشاندەران داوای هەڵگرتنی یەکجارەکیی قەدەغەی هاتوچۆیان کردووە. میدیاکانی عێراق لەمبارەوە بڵاویان کردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی5ی2021 سەدان کەس لە دانیشتوانی ناوچەی کەڕادە لە ناوەڕاستی بەغدا، خۆپیشاندانێکیان لە مەیدانی کەهرمانە رێک خست و داوایان کردووە دەبێ حکوومەت و لایەنە پێوەندیدارەکان بە یەکجاری قەدەغەی هاتوچۆ هەڵبگرن. ئاماژە بەوەش کراوە، هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە بڵاو بوونەتەوە، کە بازاڕێکی گەورە و گرنگی بەغدای پایتەختە. چالاکوانان شەوی رابردوو و سپێدەی ئەمڕۆ رایان گەیاندبوو خۆپیشاندانێک لەدژی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ دەست پێ دەکەن، کە حکوومەت بۆ ماوەی 10 رۆژ رای گەیاندبوو، بەڵام دواتر هەر زوو لێی پاشگەز بووەوە. لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی، ئەمڕۆ پێنجشەمە لەسەر ڕاسپاردەی مستەفا کازمی بڕیاری دا، قەدەغەی هاتوچۆ لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق رابگیرێت، تەنیا بەشێکی قەدەغەکە لە شەواندا دەهێڵێتەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستی و سزادانی سەرپێچیکاران. بەگوێرەی بڕیارەکە، قەدەغەی هاتوچۆ لەسەر بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان و رۆژانی دوایی هەڵدەگیرێت، بەڵام بۆ ماوەی هەفتەیەک قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە لە کاتژمێر 9ی شەو تا 5ی بەیانی هەر دەمێنێت. لیژنەی تەندروستی جەختی لەسەر رەچاوکردنی ئەو رێنماییانە کردووەتەوە، کە تایبەتن بە داخستنی بازاڕگە و چێشتخانە و چایخانە و هۆڵەکانی سینەما و هۆڵی بۆنەکان و مەلەوانگە و مەساجخانەکان لە ماوەی پشووی جەژندا. لە بڕیارەکەدا هاتووە، لە دوای جەژن، لە رۆژی دووشەمە 17/ 5/ 2021 بازاڕگە و چێشتخانە و چایخانەکان لە کاتژمێر 5ی بەیانی تا 8 و نیوی شەو دەکرێنەوە، بەڵام هۆڵی بۆنەکان و هۆڵی سینەما و مەلەوانگە و مەساجخانەکان هەر داخراو دەبن.