پەرلەمانتارێكی سەر بە پارتی دیموكراتی گەلان (HDP)، باشتركردن و چاككردنی رەوشی ئابووری توركیا بە ئەستەم و دژوار دەزانێت و دەڵێت توركیا بە ناچاری بەهۆی ئەو رەوشە ئابوورییەوە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچێت. ئێرۆل كاترجیئۆغلۆ ئەندام پەرلەمانی هەدەپە، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی (دیوار)ی توركی، حكوومەت بە كەمتەرخەم دەزانێت بۆ هاوكاریكردنی ئەو كاسبكارانەی بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و بوونی پەتای كۆرۆناوە زیانیان پێگەیشتووە. ئێرۆل كاترجیئۆغلۆ دەڵێت: “ئەگەر توركیا بەراورد بكەین بەو وڵاتانەی هاوكاریی كاسبكار و دوكاندار و كۆمپانیاكانیان كردووە، كە بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیانیان پێگەیشتووە، توركیا دەكەوێتە دواوەی ئەو ڕێزبەندییەو، چونکە كاسبكارانی توركیا زۆربەیان تووشی ئیفلاسبوون هاتوون و لەڕووی ئابوورییەوە توركیا شكستی هێناوە”. لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت: “بەدڵنیاییەوە توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە كۆمەڵگە هیچیتر ناتوانن دان بە خۆیاندا بگرن و رەوشی ئابوورییان زۆر خراپە و رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت”. دوو ڕۆژە لەمەوبەر سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، داوای لە گەلی توركیا كرد، فشار بخەنە سەر حكوومەت، تا توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە. لەمبارەوە كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی (باش)، لە پێس کۆنفرانسێکدا، داوایان كرد توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
پەرلەمانتارێكی هەدەپە: تورکیا بە ناچاری بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچێت
