بەپێی دوایین زانیاری و ئاماری دەزگای هەڵبژاردنی ئێران، هەتا ئێستا ٥٩٢ کەس بۆ سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران خۆیان کاندید کردووە کە لەناویاندا حەوت فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەبیندرێت. بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران لە کۆی ئەو ٥٩٢ کاندیدە ٤٠ کەسیان ژنان کە خۆیان کاندید کردووە، بەڵام بەپێی دەستووری ئێران ژنان لەو وڵاتە ناتوانن بۆ پۆستی سەرکۆامری خۆیان کاندید بکەن و سەرەنجام کۆی ئەو کەسانە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای چاودێریی هەڵبژاردنەوە شیاوبوونیان پەسەند دەکرێت و لە ١٠ ڕۆژ دەرفەت بە ئەنجوومەنی چادێری دەدرێت کە پرۆسەی شیاوبوونی کاندیداکان تەواو بکات و لیستەی کۆتایی ڕابەگەیەنێت. لە کۆی ئەو کەسانەی خۆیان کاندید کردووە لەناویاندا ٣٩ کەس و سیمای ناسراوی سیاسی و حەوت کەسی سەربازی دەبیندرێن کە هاوکات بە سەدان کەسیش خۆیان کاندید کردووە کە نەناسراون و بەشێکی زۆر لە کاندیداکان پێشتر لە پۆست و پلەی وەزیر و پەرلەمانتاریدا بوون. ئەو حەوت کەسەی کە پێشتر پلە و پۆستی سەربازییان هەبووە بریتین لە: سەعید محەد، حوسێن دێهقان، موحسێن ڕەزایی، محەمەدحوسێن نامی، ڕۆستەم قاسمی، عەلیڕەزا ئەفشار و عیزەتوڵا زەرغامی. هاوکات لەناو کاندیداکاندا چەند کەسایەتی و سیمایەکی ناسراوی سیاسی لە هەردوو باڵی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخوازی حکوومەتی ئێران دەبیندرێن کە پێشبینی دەکرێت ڕکابەرییان زۆر گەرمتر بێت و شانسی هەڵبژاردنیان وەک سەرکۆمار زۆرتر بێت کە بریتین لە: مەحموود ئەحمەدی نەژاد، ئیبراهیم ڕەئیسی، حوسێن دێهقام، موحسن ڕەزایی، عەلی لاریجانی، ئیسحاق جەهانگیری و سەعید جەلیلی. لە ئێران پۆستی سەرکۆماری دوای ڕێبەر باڵاترین پۆستی سیاسیی وڵاتە و بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژیردرێت و هەتا ئێستا ئەم حەوت کەسە پۆستی سەرکۆماریی ئێرانیان هەبووە: ئەبوولحەسەن بەنی سەدر، محەمەدعەلی ڕەجایی، عەلی خامنەیی، ئەکەبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، محەمەد خاتەمی، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، حەسەن ڕۆحانی و هەتا ئێستا دیار نییە لەناو کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی ئێراندا کێ دەبێتە هەشتەمین سەرکۆماری ئێران. بڕیارە سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران و ئەنجوومەنی شار و گوندەکان لە هەزار و ٣٧٢ شار و ٤٣ هەزار و ٦٢٠ گوند، ڕێکەوتی ١٨ی٦ی٢٠٢١ بەڕێوە بچێت.
حەوت فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران خۆیان کاندید کردووە
