ئەمشەو ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی بەسەر بازگەیەکی ئاسایشی نێوان کەلار – خانەقیندا دەدەن و پاشان هەڵدەکوتنە سەر مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە خانەقین. ئەكبەر حەیدەر، جێگری بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ” ئەمشەو دووشەممە 17ی 5ی 2021، هێزێكی حەشدی شەعبی هەڵیانکووتاوەتە سەر بازگەی هێزی ئاسایش(یەکێتی) لە باوە مەحموود كە دەكەوێتە نێوان شاری كەلار و خانەقین و چەند کەلوپەلێکیان لە کارمەندەکانی ئاساییش بردووە هەروەها هێزێکی زۆری حەشدی شەعبیش لەنێو شاری خانەقین بڵاوەیان پێکراوە”. لای خۆیەوە شەماڵ عەبدولرەحمان ،بەرپرسی بنكەی ئاساییشی كوڵەجۆ كە نزیكە لە شوێنی رووداوەكەوە ڕووداوەکەی بۆ (باسنیوز)پشتڕاستکردەوە. بەپێی زانیارییەکان پاش هەڵکوتانە سەر بازگەکەی ئاساییش چەکدارەکانی حەشدی شەعبی نمایشی سەربازییان لەنێو شاری خانەقین ئەنجام داوە و لەسەر دیوارەکانی بەشی ئاساییشی خانەقین چەند دروشمێکیان نووسیوە و دواتریش هەڵیانکووتاوەتە سەر بارەگای مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین و چەند دروشمێکیان لەسەر بارەگای مەڵبەند نووسیوە. شاری خانەقین ناوچەیەکی کوردستانییە و لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لەلایەن تاقمێکی نێو یەکێتی کە سەردەستەکەیان لاهوور جەنگییە رادەستی ملیشیاکانی حەشدی شەعبی کرا. پێشووتر (باسنیوز) لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە کە حازم شەکرچی کە فەرماندەیەکی حەشدی شەعبییە لە خانەقین، دوێنێ یەکشەممە هەوڵیداوە بە هێزێکەوە بچێتە سلێمانی، لە بازگەی سلێمانی لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیر کراوە و ڕادەستی دژە تیرۆری یەکێتی کراوە و پاشان حەشدی شەعبی هەڕەشەی لە یەکێتی کردووە و هێرش حەبیب، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین، تەلەفۆنی بۆ خەسرەو گوڵ محەمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی کردووە و هەڕەشەی حەشدی شەعبی پێگەیاندووە، بۆیە دەمودەست دژە تیرۆری یەکێتی حازم شەکرچییان ئازاد کردووە و بۆ خانەقین گەڕاندووەتەوە.
خانەقین.. ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی هەڵدەکوتنە سەر بازگەیەکی ئاسایش و مەڵبەندی یەکێتی
