دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەخۆشخانەیەك لە خەلیفان دروست دەكات

لە درێژەی خزمەت و بەخششەکانی خۆیدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، نەخۆشخانەیەک لە خەلیفان دروست دەکات و بەڕێوەبەری ناحیەکەش رای دەگەیەنێ، بە تەواوبوونی ئەو نەخۆشخانەیە، خزمەتێكی زۆر بە هاووڵاتییانی دەڤەرەكە دەگات. مەغدید عەریف ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان، لە سنووری قەزای سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “پڕۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ناحیەی خەلیفان، لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییه‌وه‌، جێبەجێ دەكرێت”. گوتیشی: “ئێمە بەهیواین لە ئایندەیەكی نزیكدا نەخۆشخانەکە تەواو بكرێت و بكەوێتە خزمەت دانیشتووانی سەنتەری ناحیەكەمان و دەوروبەری”. بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان جەختیشی کردەوە: “دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ناحیەی خەلیفان، بە پرۆژەیەکی زۆر پێویست و گرنگ دادەنرێت، بۆ خزمەتكردن بە نەخۆش و هاووڵاتییانی سنوورەكەمان”.