سوپای ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەلەستینی (حەماس) لە دوو هەفتەدا، زیاتر لە چوار هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. لە ئێوارەی رۆژی هەینی 7-5-2021، گرژی و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری و ئاراستەکردنی مووشەک بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکتر، لە نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس دروست بووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-5-2021، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: لە سەرەتای دروستبوونی گرژییەکان لەم مانگەوە تا ئێستا، حەماس چوار هەزار و 70 مووشەکی لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. سوپای ئیسرائیل هەروەها رایگەیاندووە: لەو چوار هەزار و 70 مووشەکەی حەماس، 610یان نەگەیشتوونەتە خاکی ئیسرائیل و لەناو غەززە کەوتوونەتە خوارەوە و سیستەمی بەرگریی دژەمووشەکیی وڵاتەکەشی 90%ـی مووشەکەکانی حەماسی تێک شکاندووە. هەر لە بەیاننامەکەدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (دوێنێ)ـوە، حەماس لە غەززەوە 70 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، کە 10یان هەر لەناو غەززە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەماس، کەوتوونەتە خوارەوە.
سوپای ئیسرائیل: حەماس لە دوو هەفتەدا چوار هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانمان کردووە
