دوای وەستاندنی شەڕ وەزیری دەرەوەی فەلەستین سەردانی بەغدا دەکات

دوای وەستاندنی شەڕ لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیلییەکان، وەزیری دەرەوەی فەلەستین سەردانی بەغدا دەکات. ئەمڕۆ شەممە 22-5-2021، رۆژنامەی فەرمیی عێراق لە زاری ئەحمەد عەقڵ، باڵوێزی فەلەستین لە عێراق بڵاوی کردووەتەوە، کە ریاز مالیکی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رۆژی یەکشەممە (سبەی)، سەردانی بەغدا دەکات. ئەحمەد عەقڵ رایگەیاندووە: ریاز مالیکی پەیامێکی مەحمود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین دەگەیەنێتە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و کۆماری عێراق و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە و سەرکردە سیاسییەکانی دیکە کۆ دەبێتەوە. باڵوێزی فەلەستین لە بەغدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئامانجی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ”چالاککردنی کاری سیاسیی عێراقی فەلەستینی و واژۆکردنی رێککەوتنی -هەماهەنگیی هاوبەش-ـە“. لە ئێوارەی رۆژی هەینی 7-5-2021، گرژی و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری و ئاراستەکردنی مووشەک بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکتر، لە نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەلەستینی (حەماس) دروست بووە. رۆژی هەینی 21-5-2021، دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن حەماسەوە، ئیسرائیل ئاگربەستەکەی پەسەند کرد و شەڕ لەنێوانیان وەستێنرا.