رانیە.. دەنگۆی کەمکردنەوەی پێدانی ئاوی خواردنەوە بە ماڵان رەتدەکرێتەوە

بەھۆی کەمبوونەوەی ئاوی زێی بچووک و دابەزینی ئاستی ئاوەکە، دەنگۆی کەمبوونەوەی پێدانی ئاوی خواردنەوە بە ماڵان لە سنووری قەزای ڕانیە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتییەکەش ئەو دەنگۆیە رەتدەکاتەوە و روونکردنەوەش دەدات. کەریم مەحموود، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی ئاوی راپەرین، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئەو دەنگۆیە دوورە لە راستییەوە و لاى ئێمە لە رانیە تاوەکو ئێستا پێدانی ئاوی خواردنەوە بە ماڵان ھەر وەکو خۆیەتى، بە پێچەوانەوە لە هەندێک شوێن و گەڕەک پێدانی ئاو زیادیش کراوە”. گوتیشی: “کەمبوونەوەی ئاو لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چونکە ئەمساڵ باران کەم باریوە و پرۆژەى ئاوى قولەی رانیەش کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی رانیەیە بەھۆی کەمیی باران بارینەوە ئەمساڵ نەژیاوەتەوە”. راشیگەیاند: “ئەگەر دووچاری گرفتی کەمئاوی ببینەوە پلانی بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى ڕاپەڕین ئەوەیە کە سوود لە پرۆژەی ئاوی دەربەند وەربگیرێت و ھەوڵى تەواوکردنى بدرێت”.