گەنجانی عەشیرەتی ھەركی ڕاگەیەندراوێكیان بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەكی بەرچاوی گەنجان و چالاكانی عەشیرەتی ھەركی لە ڕاگەیەندراوێكدا دووپاتیان كردەوە بەردەوامن لەسەر رێبازی بارزانی و هەوڵی چەند كەسێكیش كە پێچەوانەی هەڵوێستی عەشیرەتی هەركییە، بۆ دەستكەوتی مادی ڕەت دەكەنەوە. لە راگەیەندراوەكەی گەنجانی عەشیرەتی هەركیدا هاتووە “ماوەی چەند رۆژێكە ناوی عەشیرەتەكەمان ھێنراوەتە نێو مڵملانێی سیاسی و لێرە و لەوێ كەسانێك بەناوی عەشیرەتەكەمانەوە دەیانەوێ چەند دەستكەوتێكی مادی بەدەست بێنن، بۆیە بەپێویستمان روونی بكەینەوە كە ئێمە رێزی تەواومان ھەیە بۆ ھەموو ھاونیشتیمانییەك و ئەوانەی لە نزیكەوە رۆژێك لە رۆژان تاكێكی عەشیرەتی ھەركی ناسیبێت، دەزانێت چەند رۆحی تەبایی و یەكڕیزی لەناو ئێمەدا ھەیە و بۆیە ئەوەی ئێستا دەنووسین لەسەر ئەو گرووپەی عەشیرەتی ھەركی نە رقە و نە بەخواستی كەس نووسراوە، بەلكو دەمانەوێ چەند ڕاستیەك بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەین”. گەنجانی هەركی نووسیویانە كە جەوھەر ئاغا ھەركی ھیچ كاتێك پارتی نەبووە و دوای روخانی رژێمی بەعس حزبێكی دامەزراندووە بەناوی (ئازادی و دادپەروەری)، بەلام بەھۆی ئەوەی كە ھیچ یەكێك لە تاكەكانی عەشیرەتی ھەركی پەیوەندیان بەم حزبەوە نەكرد، ناچار رووی كردە دیمەشق و ماوەیەك لەوێ ژیا، دواتر چوو بۆ شاری (غازی عنتاب) لە توركیا و چەند سالێك لەوێ ژیا و خەریكی كاری بازرگانی بوو. ئاماژەشیان بەوە داوە كە چەند جارێك سەرۆك بارزانی بانگی جەوھەر ئاغای ھەركی كرد و لەگەلی كۆبووەوە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی زەوی و زاری چەند گوندێكی عەشیرەتی ھەركی لە بادینان، بەلام دواتر دەركەوت ئامانجی جەوهەر ئاغا چارەسەركردنی كێشەكە نەبووە، بەلكو داوای دەستكەوتی مادی دەكرد بۆ خۆی نەك بۆ زیانلێكەوتووان. گەنجانی هەركی دەشڵێن لە ٪‏٩٥ـی عەشیرەتی ھەركی سەر بە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانن و ڕێژەیەكی بەرچاوی ھێزەكانی پێشمەرگە پێك دەھێنن، پشكی شێریان لە لیستی شەھیدانی شەڕی دژی داعش بەركەوتووە، ئێمە بەلێنمان داوە لە رێگای پارتی و ڕێبازی بارزانییەوە بەردەوام بین لە خزمەتكردن بە نیشتیمان. هەروەها داوایان لە جەوھەر ئاغا ھەركی و كوڕەكەی كردووە چیتر بەناوی ھەموو عەشیرەتی ھەركی قسە نەكەن، چونكە ئەوان و شوێنكەوتوانیان ناگەن بە ھەزار كەس، بۆیە مافی ئەوەیان نییە بەناوی ھەموویانەوە قسە بكەن. لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە “بەداخەوە ھەركی كوڕی جەوھەر ئاغا ھەركی عەشیرەتەكەیانی خزاندووەتە نێو دنیای جنێو و كۆمێنتی نادروست لە فەیسبووك و داخبارتر ئەوەیە كە ناوی محێ ئاغا كە لای ھەموومان ناوێكی گەورە و ڕێزلێگیراوە، بەكار دەھێنێت بۆ مەرامە تایبەتییەكانی و ھەر رۆژە و لە میدیایەكی دژە كوردستانی بەناوی ھەموو عەشیرەتی ھەركی لێدوان دەدات، ئەمەش دووبەرەكی دروست كردووە و زیانی بە یەكڕیزی نێو عەشیرەتەكەمان گەیاندووە”. گەنجانی هەركی لە كۆتاییشدا دووپاتیان كردووەتەوە “ئێمەی ھەركی لەبیرمان نەكردووە كاتێك جەوھەر ئاغا ھەركی نزیكەی سێ ھەزار خێزانی ھەركی لەسەر گوندەكانیان گواستەوە بۆ قەلعەی مووسڵ و دواتر خیانەتی لێكردن و بێ پشت و پەنا جێی ھێشتن و خۆشی لە دیمەشق لە خۆشترین ژیاندا دەژیا، ئێمە ئەم ھەڵەیە دووبارە ناكەینەوە”. جێی باسە بەر لە چەند ڕۆژێك میدیاكانی لاهوور جەنگی و دەستەی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر هەواڵی هەڵبەستراو و بێ بنەمایان بڵاو كردەوە بە مەبەستی كردنە ئامانجی عەشیرەتی هەركی و نانەوەی ئاژاوە، گوایە هەوڵی ژەهرخواردكردنی چەند كەسێكی عەشیرەتی هەركی دراوە، لەمبارەیەشەوە ناوی ئاژانسی پاراستنیان هێنابوو، لە وەڵامیشدا ڕۆژی ٢٢ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی پاراستن لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد كە ئەم هەوڵە سیناریۆیەکی بێ بنەمایە، وێڕای ئەوەی سەرلەبەری چەواشەكارییەكە ڕەت دەكەنەوە، جەختیش لەوە دەكەنەوە كە هۆنینەوەی درۆی شاخداری لەم شێوەیە ئەوپەڕی نابەرپرسیارییەتی ئەو كەس و لایەنانە نیشان دەدات كە لە پشتەوەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ناڕاستی و چەواشەكارییانەن. ئاژانسی پاراستن ئەوەشی راگەیاند كە بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە كە جەماوەری سەربەرزی هۆزی هەركی، بە پەیوەندیكردنی جەوهەر هەركی بە تاقمی خیانەتكاری شازدەی ئۆكتۆبەر نیگەران بوون و لە بەرانبەر ئەوەشدا، میدیای سەر بە لاهوور بە بڵاوكردنەوەی ئەو درۆ بێبنەمایانە، بەنیازە سۆزی هۆزی هەركی بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و بۆ هەڵبژاردنەكان چەند دەنگێكیان بەدەست بێنن. لە كۆتاییشدا دووپاتی كردووەتەوە كە “بە مافی خۆمان دەزانین داوای یاسایی لەسەر ئەو كەسانە تۆمار بكەین كە لە پشتەوەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە بابەتەن و داواش دەكەین لێكۆلینەوەیەكی دادپەروەرانە لەژێر سەرپەرشتیی پەرلەمان و نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت و كۆی ئەو چەواشەكارییە بۆ گشت لایەك ئاشكرا بكرێت“.