سەرۆک شارەوانییەکی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر كرا

سەرۆكی شارەوانیی رزگاری لە گەرمیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر کراوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی شارەوانییەكانی گەرمیانیش دەر دەکرێت. كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی  پارێزگای  سلێمانی، بە (باسنیوز)ی  راگەیاند: سكاڵای لەسەر هەریەکە لە  ئەرسەلان  عەلی، سەرۆکی شارەوانیی رزگاری  و بەرزان كەریم، سەرۆک شارەوانییەکانی گەرمیان تۆمار كردووە. کەریم عەلی لە سکاڵەکەیدا، تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵ ئەرسەلان عەلی و بەرزان کەریم، کە بەر لەوەی نەخشەی ناوچەی پیشەسازیی نوێی گەرمیان پەسەند بکرێت، دەستکاریی نەخشەکەیان کردووە و پارچە زەوییان لە ناوچەکە دابەش کردووە. لەسەر سکاڵای ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، رۆژی سێشەممە 25-5-2021 سەرۆکی شارەوانیی رزگاری دەستگیر کراوە و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان دەرکراوە.