سەلام عەبدوڵڵا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتارێکدا وەڵامی ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی کوردستان دەداتەوە و پێی دەڵێ ئێوە کە باسی مووچەی خەڵک دەکەن و خەمی بۆ دەخۆن، لەوەش راست ناکەن، چونکە هەر خۆتان دەتانتوانی بە داهاتی دەروازەی مەرزی (باشماخ) و (پەروێزخان) تەواوی مووچەی زۆنەکەتان بدەن، بەڵام نایدەن. سەلام عەبدوڵڵا گوتارەکەی بە ناوی “هێواش کاک ستران.. هێواش..” بڵاوکردووەتەوە و تیایدا وەڵامی ستران عەبدوڵڵای داوەتەوە کە لە ماڵپەڕی کوردستانی نوێ نووسینێکی بەناوی (لە پایتەختی فیدڕاڵەوە تا پایتەختی رۆشنبیری) بڵاوکردووەتەوە، سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات-ی زمانحاڵی پارتی دەڵێ”با ئێمە مەسەلەکە بە جدی وەربگرین و وەڵامی ئەو بوختان و درۆ و ناڕاستییانە بدەینەوە کە دەیانەوێ لەو رێگەیەوە پەردەپۆشی غەرقاندنی ناوچەکانی ژێردەستیان لە گەندەڵی و بێدادی و بێسەروبەری و بێ هیوایی و تا ئاستی خاکفرۆشی و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بدەینەوە و راستییەکان بۆ جەماوەر بخەینەڕوو”. ناوبراو نووسیویەتی” ئەم گڕگرتنەی ستران و هاوشێوەکانی بۆ ئەوەیە کە رۆژ لەدوای رۆژ راستییەکانی ئەو دەڤەرە و گەندەڵکاری بێ سنووری، بەتایبەتی لە داهاتی سنوورەکان ئاشکرا دەبن، نەک لەلایەن پەرلەمانتاری پارتی و لایەنگرانی پارتیمانەوە، بەڵکو لەلایەن ئەندام پەرلەمانی لایەنەکانی تر و خەڵکانی بێ لایەنەوە کە بە دۆکیۆمێنت و بەڵگەوە لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان ئاشکرای دەکەن و ناتوانن وەڵامی بدەنەوە، بۆیە پەنا بۆ (تەنز) و (قسەی نەستەق) دەبەن”. سەلام عەبدوڵڵا دەشڵێ: “بەڵێ پایتەختی فیدڕاڵ لەسەریەتی بەپێی دەستوور، بودجە و مووچەی هەرێم بنێرێت کە لە (2014)ەوە بە ئامۆژگاری و رێنمایی برادەرانی ئێوە بڕیویەتی و ناینێرێت، ئێوەش مادام داوای بودجە و مووچە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەن، دەبێ داهاتی ناوچەکەتان و سنوورەکان، بە دەستپاکی، مانگانە بنێرن، کە ئەرکی سەرشانی خۆتانە، جا ئێوە کە لەوێ ناوێرن هیچ قسەیەک بکەن، ئەوە خەتای پایتەختی هەرێم نییە و ترسنۆکی و بێ باکی خۆتانە”. نووسیویەتشی: “ئێوە کە باسی مووچەی خەڵک دەکەن و خەمی بۆ دەخۆن، لەوەش راست ناکەن، چونکە هەر خۆتان دەتانتوانی بە داهاتی دەروازەی مەرزی (باشماخ) و (پەروێزخان) تەواوی مووچەی زۆنەکەتان بدەن، بەڵام نایدەن و لە باتیی، خەڵک بە نووسینیش چەواشە دەکەن و ئێمە دەخەنە ژێر پرسیارەوە؟”. سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات لە درێژەی گوتارەکەیدا دەڵێ: “ئێستا خەڵکی سلێمانی و دەورووبەری زۆرباش لە چەواشەکارییەکانتان تێدەگات، چونکە نووسینگەکانی هاوردنی قاچاخ بە فەرمی لە سەهۆڵەکە و ناو بازاڕی قاچاخ، کاری خۆیان بەئاشکرا و بێ پەردە دەکەن، جا هاوردەی دووگی چەوری ماوەبەسەرچووی ئێرانی بێ یان کۆکاکۆلای ئێکسپایەری تورکی یان تەنە خۆرمای گەنیو و دۆشاوی ترشاوی وڵاتان بێت. ئەمانە نەک تەنیا کاری ناڕەوای قاچاخن بەڵکو تاوانیشن بەرامبەر هاووڵاتیان”. ناوبراو راشیگەیاندووە: “سەبارەت بە کۆنگرەی حزبمان، ئێمە تا ئێستا (13) کۆنگرەمان بە سەرکەوتوویی بەستووە و بەرەو چواردەهەم دەچین، ئێوەش لە ماوەی (46) ساڵدا تەنیا (4) کۆنگرە”.
سەلام عەبدوڵڵا بۆ ستران عەبدوڵڵا: مادام داوای مووچە و بودجە لە هەولێر دەکەن دەبێ مانگانە داهاتی ناوچەکەتان بنێرن
