ژیلا موستاجر خانمە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی كورد ئەمڕۆ ٢٨ی ئایار، لە ڕۆژی جیهانی تەندروستیی سووڕی مانگانەدا، داوا دەكات كۆمەڵگەی كوردی چیتر كەوتنە سووڕی مانگانەی ژنان بە نەخۆشی و تابۆ و قەدەغە نەبینن، بەڵكو بارێكی سرووشتی ژنانە. دەشڵێ نابێت كڕین و فرۆشتنی کەرەستەی خاوێنکەرەوەی سووڕی مانگانە جێی شەرم بێت. ژیلا لەمبارەیەوە لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی “نیوەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی دەکەونە سووڕی مانگانەوە، بەڵام ئەم بابەتە هێشتا وەکو تابۆ چاوی لێ دەکرێت، ئەمڕۆ ٢٨ی ئایار، ڕۆژی جیهانی تەندروستیی سووڕی مانگانەیە، بەم پۆستە هەوڵم داوە بەشێک بم لە جووڵانەوەی شکاندنی تابۆی سەر سووری مانگانە”. كچە چالاكوانە كوردەكە دەشڵێ “ئێمەی ژنان دەکەوینە سووڕی مانگانەوە، ئەمەش زۆر سروشتیە، سووڕی مانگانە حاڵەتێکی سروشتیە، وەکو نەخۆشی پێناسەی مەکەن، هەموو مانگێک ئەم حاڵەتە سروشتیە ڕوودەدات و خوێنمان لێ دەڕوا، لەوانەیە جلەکانمان پەڵەی خوێنی پێوە دیار بێت، ئەمە مایەی شەرم نییە”. دەشڵێ “ئێمەی ژنان بە هۆی گۆڕانکاری هۆرمۆنەکانمان لە کاتی سووڕی مانگانەوە، لەوانەیە تووڕە بین، ئێمە پێویستمان بە کەرەستەی تەندروست و خاوێنکەرەوەی تایبەت هەیە تا بتوانین خۆمان بە خاوێنی بپارێزین، کرین و هەڵگرتنی کەرەستەی خاوێنکەرەوە نابێت ببێتە هۆی شەرم بۆ ژنان، تکایە ئەم حاڵەتە وەکو کارێکی شەرمهێنانە پێناسە مەکەن”.
ژیلا موستاجر: نابێت كڕین و فرۆشتنی کەرەستەی خاوێنکەرەوەی سووڕی مانگانە جێی شەرم بێت
