گەنجێکی دانیشتووی گوندێکی دەڤەری بارزان لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە زێی گەورە خنکا. موقەدەم بەیار محیەدین، گوتەببێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 1-6-2021 لە ڕووداوێکی خنکان ئاگادارکراینەوە، لە زێی گەورەی دەڤەری بارزان، کە گەنجێک بوو بە ناوی (خەڵات زیاد جەبار) تەمەن 17 ساڵ، دانیشتووی سنووری ناحیەی بارزان لە سنووری قەزای مێرگەسۆر”. گوتیشی: “ئەو گەنجە لە زێی گەورە مەلەی کردووە و بەوهۆیەوە خنکاوە و ئێستا تیمەکانمان لە بنکەی بەرگری شارستانیی بارزان و تیمی مەلەوانیی مێرگەسۆر و بنکەی پۆلیسی بارزان و تیمی مەلەوانی شیڵادزێ، لەگەڵ کەسوکاری گەنجەکە سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی”.