ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان لە لیژنەى تەندروستى رایگەیاند لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کەمیى دەرمانى نەخۆشیى شێرپەنجە و بەمنزیکانە گرفتەکە چارەسەر دەکرێ. د. سەباح زێبارى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “بەهۆى زۆرى ژمارەى توشبووانى شێرپەنجە دەرمانى پێویست بۆ چارەسەرکردنى توشبووان ئەو نەخۆشییە لە نەخۆشخانەکانى کوردستان بەردەست نییە، چونکە جگە لە نەخۆشانى شارەکانى هەرێمی کوردستان، نەخۆش پارێزگاکانى دیکەى عێراقیش روودەکەنە هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى چارەسەریی و لە نەخۆشخانەکانى هەولێر و دۆهۆک و سلێمانى چارەسەرییان پێدەدرێ”. راشیگەیاند: ” ئەو پشکەى وەزارەتى تەندروستى عێراق بۆ هەرێمى کوردستانى رەوان دەکات بەشى توشبووانى شێرپەنجە ناکات، چونکە ژمارەى توشبووان بەردەوام لە زیادبووندایە، ئەو بڕەشى کە دەگات بەپچڕ پچڕى دێت و دوادەکەوێت، بۆیە ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى”. ئاماژەى بەئەوەش کرد: “ئەو پارەیەى لە لایەن سندوقى پشتیوانی شێرپەنجەوە کۆدەکرێتەوە دەخرێتە سەر ئەو بودجەیەى کە لەلایەن وەزارەتى تەندروستى بۆ ئەم مەبەستە دابینکراوە، بۆیە دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیان و کەسوکارى نەخۆشەکان کە گرفتى کەمى دەرمان بەمنزیکانە لە نەخۆشخانەکان چارەسەر دەکرێ”.