توێژینەوەیەك: ئەمریكا 100 بۆمبی ئەتۆمی لە بنكە سەربازییەكانی ئەورووپا و توركیا هەڵگرتووە

توێژینەیەكی ئەورووپی ئاشكرای كردووە ئەمریكا 100 بۆمبی ئەتۆمی لە بنكە سەربازییەكانی ئەورووپا و توركیا هەڵگرتووە. ئەمڕۆ چوارشەممە ئاژانسی هەواڵی “نۆڤۆستی”، لە پەیمانگەی پرسەكانی ئاشتی و سیاسەتی ئەمنی لە زانكۆی هامبۆرگی باكووری ئەڵمانیای گواستەوە كە سوپای ئەمریكا لە بنكەی “بیوخل” لە هەرێمی راینلاند بڤالتسی رۆژئاوای ئەڵمانیادا 20 بۆمبی ئەتۆمی هەڵگرتووە. بەپێی ئەو پەیمانگە ئەڵمانیە، سوپای ئەمریكا هەروەها 20 بۆمبی تری ئەتۆمی لە بنكەی “كلاینیێ برۆگل” لە بەلجیكا هەیە، بە هەمان شێوە 20 بۆمبی تری ئەتۆمی لە بنكەی “ڤۆلكل” لە هۆڵەندا هەیە، لە بنكەی سەربازیی “ئەنجەرلیك” لە توركیاش 20 بۆمبی تری ئەتۆمی هەیە، هەروەها 20 بۆمبی ئەتۆمیشی لە هەردوو بنكەی “ئاڤیانۆ” و “گیدی تۆری” لە ئیتاڵیا هەیە. بەم شێوەیە پەیمانگە ئەڵمانیەكە هەبوونی 100 بۆمبی ئەتۆمی ئەمریكای لەسەر خاكی ئەورووپا و توركیا پشتڕاست كردووەتەوە. پەیمانگەی پرسەكانی ئاشتی و سیاسەتی ئەمنی لە زانكۆی هامبۆرگ ئەوەشی باس كردووە كە تا ئێستا حكوومەتەكانی ئەڵمانیا هیچ هەڵوێست و راگەیەندراوێكیان لەبارەی بوونی بۆمبی ئەتۆمی ئەمریكا لەسەر خاكی وڵاتەكە نەبووە. ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر چەندین جار پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەڵمانیا داوایان كردووە ئەمریكا بۆمبە ئەتۆمیەكانی لەسەر خاكی ئەڵمانیا بكێشێتەوە، بەپێی راپرسییەكانیش، زۆرینەی هاووڵاتییانی ئەڵمانیا لەگەڵ هەبوونی بۆمبی ئەتۆمی ئەمریكیدا نین لەسەر خاكی وڵاتەكەیان.