کۆمەڵەى کرێنشینان: نرخى کرێى یەکەى نیشتەجێبوون لە هەندێک شوێن 30% زیادى کردووە

سەرۆکى لقى هەولێرى کۆمەڵەى کرێنشینانى کوردستان رایگەیاند بەهۆى هاتنى ژمارەیەکى زۆرى ئاوارە بۆ شارى هەولێر نرخى کرێى یەکەى نیشتەجێبوون زۆر زیادى کردووە، بەڵام بڕیارەکەى حکوومەت بە رێگەپێدانى هاووڵاتیان بۆ دروستکردنى خانوو کاریگەرى باشى دەبێ بۆ کەمکردنەوەى ژمارەی کرێنشینان. مەحموود ئیسماعیل، سەرۆکى لقى هەولێرى کۆمەڵەى کرێنشینانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “بەهۆى هاتنى ژمارەیەکى زۆرى ئاوارە و پەنابەر لە پارێزگاکانى عێراق و سووریاوە بۆ هەرێمى کوردستان و هەولێر بەتایبەت،گوشارێکى زۆر لەسەر یەکەکانى نیشتەجێبوون دروست بووە، بەم هۆیەشەوە نرخى کرێى خانوو لە هەندێک گەڕەکى شارى هەولێر زیاتر لە 30% زیادى کردووە”. راشیگەیاند: “بەپێى دوایین ئامار تەنیا لە سنوورى شارى هەولێر 23هەزار و 158 کرێنشین هەن، هەرچەندە ژمارەیەکى زۆر یەکەى نیشتەجێبوون لە رێگەى دەستەى وەبەرهێنانەوە دروست کراون لە کۆمەڵگە و گروپەکانى نیشتەجێبوون، بەڵام بەهۆى بەرزى نرخەکانیان وەکو پێویست سوودى نەبووە بۆ کرێنشینان”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد: “بڕیارەکەى حکوومەتى هەرێمی کوردستان بەرێگەپێدانى هاووڵاتیان بۆ دروستکردنى خانوو لە چەند گەڕەکێکى شارى هەولێر، کاریگەرى باشى دەبێ لە کەمکردنەوەى کرێنشینان چونکە ژمارەیەکى زۆرى کرێنشینان چەندین ساڵە زەوییان هەیە بەڵام بەهۆى نەبوونى رێگەپێدان نەیانتوانیوە خانوو دروست بکەن”.