وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت، کە کارمەندێکی وەزارەتەکە دەستی لە تەقینەوەکەی کازمییەی بەغدا هەیە. درەنگانی شەوی پێنجشەممە 3-6-2021، تەقینەوەیەک لە نزیک دەروازەی بابولموراد لە مەزاری ئیمام کازم لە ناوچەی کازمییە رووی دا و بەهۆیەوە و بەپێی دوایین زانیاری، دوو کەس گیانیان لەدەست دا و 36 کەسی دیکەش بریندار بوون. رۆژی دواتر رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند، ”شانەیەکی داعش توانیویانە دزە بکەنە بردەم مەزارێکی شیعەکان و تەقینەوەکەیان کردووە“. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)، ئەمڕۆ دووشەممە 7-6-2021، سەرچاوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە: دوای رووداوەکە تۆمەتباری سەرەکیی تەقینەوەکەیان دەستگیر کردووە، کە بە نهێنی سەر بە داعش بووە. ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە: تۆمەتبارەکە کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بووە و ئەرکی لایەنی ئەمنیی ناوچەی کازمییەی لە ئەستۆ بووە و دانی بەوەدا ناوە، کە ئاسانکاری بۆ بردنە ژوورەوەی بۆمب بۆ ناوچەکە کردووە.