نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: بەم زووانە به‌رهه‌می كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ ئەورووپا دەبینین

ئەمڕۆ پێنجشەممە دلاوه‌ر ئاژگه‌یی نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌ورووپا ڕای گەیاند سه‌ردانی مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان بۆ ئه‌ورووپا له‌ كات و ساتێكی زۆر گرنگدا بوو، به‌رهه‌می كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی به‌لژیكا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌بینین. ئاژگەیی لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی “كوردستان ٢٤” باسی لە گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌لژیكا و دواتریش بۆ وڵاتی یۆنان كرد و گوتی به‌لژیكا ناوه‌ندێكی زۆر گرنگی بڕیاردانه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان، ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ ئه‌و وڵاته‌ له‌ كات و ساتێكی زۆر گرنگدا بوو، به ‌تایبه‌ت دوای ئه‌و دابڕانه‌ی كه‌ به‌هۆی رێكاره‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا دروست بووبوو. نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌ورووپا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا وه‌ك یه‌كه‌م وێستگه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌ورووپا و شێوازی پێشوازیكردن و ئاستی ئه‌و دیدارانه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ، سه‌رۆكی هه‌رێمی فلانده‌رز، كه‌ هه‌رێمێكی زۆر به‌هێزه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو ئه‌ورووپا، هه‌روه‌ها دیداری له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، كه‌ هاوكات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و وه‌زیری به‌رگری ئه‌ورووپاشه‌، به‌ هه‌موو پێوه‌رێك ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی دیپلۆماسی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ورووپا. هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ گوێگرتن له‌ بۆچوونه‌كانی به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان و به ‌تایبه‌تیش سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم، بۆ به‌رپرسانی ئه‌ورووپا گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌، بەتایبەتی كه‌ بڕیاره‌ له ‌چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانی دژی داعش له‌ رۆما به‌ڕێوه‌ده‌چێت، وێڕای به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ لۆكسمبۆرگ، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ عێراق. دلاوه‌ر ئاژگه‌یی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كە هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان و شێوازی پێشوازیكردن لە سه‌رۆكی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیداره‌كاندا له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رز و به‌شێوه‌یه‌كی پرۆتۆكۆڵی، هێمایه‌كی زۆر گرنگه‌ بۆ نزیكیان له‌ هه‌رێمی كوردستان و گرنگیدان به‌ دیداره‌كان، جگه‌ له‌مه‌ش ئه‌م دیدارانه‌ ده‌بنه‌ ده‌ستپێكێك بۆ جووڵاندنی زۆر كه‌یسی گرنگی ئابووری و په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ له‌ نێوان حكوومه‌تی فیدراڵی به‌لژیكا و هه‌رێمی فلانده‌رز له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.