كۆمپانیای تۆیۆتا قەرەبووی حكوومەتی عێراق دەكاتەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاوی كردەوە كۆمپانیای تۆیۆتا بە دابینكردنی ژمارەیەك ئامێری گرانبەها قەرەبووی حكوومەتی عێراق دەكاتەوە، ئەمەش لە بەرانبەر دواكەوتنی كۆمپانیاكەیە لە تەواوكردنی دوو پرۆژە. بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق كە ئەمڕۆ میدیاكانی ئەم وڵاتە بڵاویان كردووەتەوە، كۆمپانیای تۆیۆتا لە تەواوكردنی دوو پرۆژەی دەریایی لە باشووری عێراق دواكەوتووە، كە بریتیین لە پرۆژەی وێستگەی “ئیرشاد” لەسەر كەنداوی عەرەب و پرۆژەی “كەشتیی تەنویر” لە ناوچەی فاو. وەزارەتە عێراقییەكە هەردوو پرۆژەی بە دوو یەكەی گرنگی دەریاوانی پێناسە كردووە و ئاماژەی بەوە داوە كە هەردوو پرۆژەكە لە چوارچێوەی بودجەیەكدا جێبەجێ دەكرێن كە وڵاتی ژاپۆن بە قەرز بە عێراقی داوە و لەگەڵ كۆمپانیای تۆیۆتا ڕێككەوتوون جێبەجێیان بكات، بەڵام كۆمپانیای تۆیۆتا جێبەجێكردنی پرۆژەكانی دواخستووە. لەمبارەیەوە فەرحان فەرتوسی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بەنداوەكانی عێراق سەر بە وەزارەتی گواستنەوە رای گەیاندووە كە بەگوێرەی ڕێنماییەكانی وەزیری گواستنەوە، بەدواداچوونیان بۆ تەواوی گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیا ژاپۆنییەكە كردووە و بۆیان دەركەوتووە كە كۆمپانیاكە ناتوانێ لە كاتی خۆیدا پرۆژەكان جێبەجێ بكات، بۆیە پەیوەندییان بە كۆمپانیای تۆپۆتاوە كردووە و لە كاتی وتوێژی نێوانیاندا، كۆمپانیای تۆیۆتا رای گەیاندووە لە بەرانبەر دواكەوتنیان لە تەواوكردنی پرۆژەكە، لە ڕێگەی دابینكردنی ئامێر و پێداویستیی یەدەگی هەردوو پرۆژە دەریاوانییەكە قەرەبووی عێراق دەكەنەوە، ئاماژەشیان بەوە داوە كە ڕێوشوێنەكانی هەردوو حكوومەتی عێراق و ژاپۆن بۆ خۆپاراستن لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، هۆكاری دواكەوتنیان بووە لە تەواوكردنی پرۆژەكان.