ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند ئەگەر چارەسەرییەک بۆ دۆخى خراپى ناوچە کوردستانییەکان نەدۆزرێتەوە، پێویستە سەرجەم پارتە کوردییەکان بەیەکەوە بایکۆتى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق بکەن. جوان رۆژبەیانى، سەرۆکى لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم لە پەرلەمانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “دۆخى ناوچە کوردستانییەکان بە قۆناغێکى سەختدا تێپەڕ دەبێت بەهۆى نەبوونى سەقامگیرى و دڵنیایی لاى دانیشتووانەکەى، چونکە ئەو هێزانەى ئەمنییەتى ئەو ناوچانەیان لە ئەستۆیە نەیانتوانیوە وەکو پێویست بە ئەرکى خۆیان هەڵسن، بەتایبەت کوردانى دانیشتووى ئەو ناوچانە کە ئێستا بەشێکى زۆریان ئاوارەبوونە و ماڵ و حاڵى خۆیان جێهێشتووە”. راشیگەیاند: “پێویستە بەرپرسانى حکوومەتى عێراق بەرپرسیارییەتى هەڵبگرن و هاوکاربن لە چارەسەرکردنى کێشەکانى ناوچەکە و دابینکردنى ژیانێکى شایستە بۆ دانیشتوانەکەى بەسەرجەم پێکهاتەکان، چونکە ئێستا کوردانى ئەو ناوچانە هەست بە نەبوونى پاڵپشتى دەکەن و بەهۆى بەردەوامى جێبەجێکردنى پڕۆسەى بەعەرەبکردنى ناوچەکە، بە پاڵپشتیى بەرپرسانى حکوومى لەو ناوچە کوردستانییەکان”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد: “ئێمە لەگەڵ نوێنەرى سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیش گفتوگۆمان کردووە، پێویستە سەرجەم پارتە کوردستانییەکان یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن، ئەگەر چارەسەرییەک بۆ دۆخى خراپى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم نەدۆزرێتەوە، پێویستە سەرجەم پارتە کوردییەکان بەیەکەوە بایکۆتى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق بکەن، چونکە کوردانى دانیشتووى ئەو ناوچانە ناتوانن بە ئازادى دەنگى خۆیان بدەن”.