خەزعەلی: بڕیاری زیاترکردنی هێرشەکانمان بۆ سەر ئەمریکییەکان داوە

ئەمینداری گشتیی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق رایدەگەیەنێت، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بڕیاری زیاترکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێرق، داوە. بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق رایگەیاندووە: گرووپەکانی بەرەی مقاوەم ”هەرگیز“ دەستبەرداری بژارەی شەڕ سەربازی دژی هێزەکانی ئەمریکا نابێت، تا ئەوکاتەی لە عێراق دەچنە دەرەوە. قەیس خەزعەلی هەروەها رایگەیاندووە: میلیشیاکانی بەرەی مقاوەمە بڕیاری زیاترکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمریکییەکان داوە و ”پێویستە“ ئەمریکییەکان بزانن، کە ”ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەیان“. خەزعەلی هیچ بەهایەکی بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دانەناوە و رایگەیاندووە: حەشدی شەعبی ”تاکە دەزگای سەربازیی شەرعی و یاسایی عێراقە“. ئەو لێدوانەی قەیس خەزعەلی دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی هەفتەیەکدا، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی دوو جار سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرکردەکانی میلیشیا و لایەنە شیعەکان کۆ بووەوە. فەرماندەی سوپای قودس شەوی شەممە 12-6-2021 سەردانی بەغدای کردووە. پێشتریش لە رۆژی چوارشەممە 9-6-2021 سەردانی بەغدای کردبوو. بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، زیادکردنی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی قائانی و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بووە. بەرەی مقاوەمە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی سەربازیی و دارایی دەکرێت و لە گرووپ و میلیشیا شیعەکانی عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن پێک دێت و دژایەتیی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات و کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکات.