یەکێک لە کاندیداکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران کشایەوە

میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرایان کردووە موحسێن مێهرعەلیزادە یەکێک لە حەوت کاندید بۆ سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران لە پێشبڕکێی هەڵبژاردن کشاوەتەوە. لەمبارەوە هەردوو ماڵپەڕی (ئیرنا و فارس) بڵاویان کردووەتە موحسێن مێهرعەلیزادە لە نامەیەکدا بۆ وەزیری ناوخۆی ئێران کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری ڕاگەیاندووە. عەلی تاجرنیا گوتەبێژی ناوەندی هەڵبژاردنی موحسێن مێهرعەلیزادە ئاشکرای کردووە هەر ئەمڕۆ لەمبارەوە ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە و وردەکاری و هۆکاری کشانەوەی خۆی ئاشکرا دەکات. بۆچوونی هەردوو کاندید موحسێن مێهرعەلیزادە و ناسر هێمەتی لە باڵی ڕێفۆرمخوازانی ئێران نزیکە، بەڵام پێشتر بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێران ئاشکرایان کردبوو لەم خولەی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا هیچ بەربژێرێکیان نییە و لە دەنگدانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووشدا پشتگیرییان لە ناسر هێمەتی نەکرد. سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکانی ئێران ڕۆژی هەینی 18/6/2021 بەڕێوە دەچێت و بە کشانەوەی موحسێن مێهرعەلیزادە ئێستا شەش کاندید لە هەڵبژاردندا بەشداری دەکەن کە بریتین لە سەعید جەلیلی، موحسن ڕەزایی، ئیبراهیم ڕەئسی، عەلیڕەزا زاکانی، سەید ئەمیر حوسێن قازی زادە هاشمی و عەبدولناسر هێمەتی.  لە ئێران پۆستی سەرکۆماری دوای ڕێبەر باڵاترین پۆستی سیاسیی وڵاتە و بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژیردرێت و هەتا ئێستا ئەم حەوت کەسە پۆستی سەرکۆماریی ئێرانیان هەبووە: ئەبوولحەسەن بەنی سەدر، محەمەدعەلی ڕەجایی، عەلی خامنەیی، ئەکەبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، محەمەد خاتەمی، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، حەسەن ڕۆحانی و هەتا ئێستا دیار نییە لەناو کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی ئێراندا کێ دەبێتە هەشتەمین سەرکۆماری ئێران. بڕیارە سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران و ئەنجوومەنی شار و گوندەکان لە هەزار و ٣٧٢ شار و ٤٣ هەزار و ٦٢٠ گوند، ڕێکەوتی ١٨ی٦ی٢٠٢١ بەڕێوە بچێت.