بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا و لە کاتێکدا تەنیا یەک ڕۆژ بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران ماوە، سێ کاندید لە پێشبڕکێی هەڵبژاردن کشاونەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران هەر یەک لە موحسێن میرعەلیزادە، کاندیدی ڕیفرۆمخوازەکان لە بەرژەوەندیی عەبدولناسر هیمەتی کشاوەتەوە و هاوکات عەلیڕەزا زاکانی، سەعید جەلیلی لە بەرژەوەندیی ئیبراهیم ڕەئیسی لە پێشبڕکێی سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران کشاونەتەوە. ئێستا لە کۆی حەوت کاندید کە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران دەستنیشان کرابوون، تەنیا چوار کەس (ئیبراهیم ڕەئیسی، عەبدولناسر هێمەتی، ئەمیر حوسێن قازی زادە هاشمی و موحسێن ڕەزایی) ماونەتەوە و بڕیارە سبەی هەینی سێزدەیەمینخ ولی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان بەڕیوە بچێت. لە ئێران پۆستی سەرکۆماری دوای ڕێبەر باڵاترین پۆستی سیاسیی وڵاتە و بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژیردرێت و هەتا ئێستا ئەم حەوت کەسە پۆستی سەرکۆماریی ئێرانیان هەبووە: ئەبوولحەسەن بەنی سەدر، محەمەدعەلی ڕەجایی، عەلی خامنەیی، ئەکەبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، محەمەد خاتەمی، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، حەسەن ڕۆحانی و هەتا ئێستا دیار نییە لەناو کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی ئێراندا کێ دەبێتە هەشتەمین سەرکۆماری ئێران. بڕیارە سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران و ئەنجوومەنی شار و گوندەکان لە هەزار و ٣٧٢ شار و ٤٣ هەزار و ٦٢٠ گوند، ڕێکەوتی ١٨ی٦ی٢٠٢١ بەڕێوە بچێت.