قایمقامی قەزای داقووق ئاشكرای دەكات، بەهۆی داعشەوە حەوت گوندی دیكەی سەر بە قەزای داقووق چۆڵ كراون و هێزە ئەمنییەكانیش توانای پاراستنی خەڵك و ناوچەكەیان نییە. ئەمڕۆ شەممە 19ی /6ی 2021، لویس فەندی، قایمقامی داقووق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لەم ماوەیەدا حەوت گوندی دیكەی سنووری قەزای داقووق چۆڵ كران، کە دەكەونە سەر رێگەی نێوان قەزای داقووق بۆ ناحیەی ڕەشاد”. ئاشكراشی كرد: “چەكدارانی داعش بوونەتە هۆی ئەوەی دانیشتووانی ئەو گوندانە، گوندەكانیان چۆڵ بكەن، چونكە ئەو تیرۆریستانە بەردەوام دەچوونە ناو گوندەكانەوە و داوای خواردنیان لە خەڵك دەكرد و بووبوونە مایەی هەڕەشە بۆ دانشیتووانی ئەو گوندانە”. قایمقامی قەزای داقووق گوتیشی: “هەرچی هێزە ئەمنییەكانیشن، توانای پاراستنی ناوچەكە و خەڵكیان نییە، بۆیە خەکەکە گوندەكانیان چۆڵ دەكەن”. لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە دەیان گوندی سنووری قەزای داقووق، بەهۆی جموجۆڵی چەكدارانی داعشەوە چۆڵ كراون.
داقووق.. بەهۆی داعشەوە حەوت گوندی دیكەی قەزاكە چۆڵ كران
