ژمارەیەک گرووپی حەشدی شەعبی خۆیان لە میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ئێران، جیا دەکەنەوە. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 26-6-2021، حەشدی شەعبی نمایشێکی سەربازی لە پارێزگای دیالە، ساز بکات. بەپێی زانیارییەکان، گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە رێبازی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، کە بریتین لە فیرقەی عەباس، فیرقەی ئیمام عەلی، لیوای ئەنسار مەرجەعییە و لیوای عەلیلئەکبەر بەشداریی نمایشەکەی حەشدی شەعبی ناکەن. جگە لەو گرووپانە، گرووپی سەرایا سەلام، کە سەر بە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدرە، رەتی کردووەتەوە بەشداریی ئەو نمایشە سەربازییە بکات. بەپێی زانیارییەکان، گرووپەکانی سەر بە رێبازی سیستانی پێیان وایە ”گرووپی چەکداریی گومانلێکراو“ لەناو حەشدی شەعبی هەیە، ”ئێمە نامانەوێ لە ئاستی قوربانیدانی حەشدی شەعبی بەهۆی ئەو گرووپانەوە، کەم بکەینەوە“. حەشدی شەعبی دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق بە فەتوای سیستانی دروست کرا، ئێستا زۆرینەی ئەو میلیشیایانە بۆ بەرژەوەندیی ئێران کار دەکەن و فەرمان لە سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران وەردەگرن. سوپای عێراق دوای هێرشی نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە مانگی 6ـی 2014 هەرەسی هێنا و بەهۆیەوە داعش لە ماوەی چەند رۆژێکدا، نزیکەی نیوەی خاکی عێراقی داگیر کرد.
گرووپە عێراقییەکانی حەشدی شەعبی خۆیان لە ئێرانییەکان جیا دەکەنەوە
