گوتەبێژى پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند 1ى ئاب دوایین وادەیە بۆ دەرکردنى کارتى نیشتیمانى و لۆگۆى تاکسییەکان، هەر تاکسییەک دواى ئەو وادەیە لۆگۆى نەبەستبێ بە بڕى 500 هەزار دینار سزا دەردێ. عەمید ئەسعەد کەریم، گوتەبێژى پۆلیسى هاتوچۆى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “دواى چەند جارێک درێژکردنەوەوى وادەکەى بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا و وەستانى دەوامى فەرمانگەکانەوە، وەزارەتى ناوخۆ و گواستنەوە 1ى ئابى داهاتوویان وەکو دوایین وادە بۆ دەرکردنى کارتى نیشتیمانى بۆ ئۆتۆمبێلی تاکسی لە هەرێمی کوردستان دیارى کرد، دواى ئەو وادەیەش هەر تاکسییەک لۆگۆى نەبەستبێ رێککارى یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”. راشیگەیاند: “لێدانى لۆگۆ و شریتى تایبەت بە تاکسی پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە هەر تاکسییەک لەو شوێنەى بۆى دەستنیشانکراوە کار بکات، ئەم پڕۆژەیە گرنگى خۆى هەیە بۆ کەمکردنەوەى جەنجاڵی ناوشارەکان و رێکخستنەوەى کارى تاکسى لە کوردستان”. ئاماژەى بەئەوەش کرد: “تا ئێستا بەشێک لە تاکسییەکان لە هەرسێ پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان لۆگۆى تایبەت بە تاکسییەکانیان بەستووە، بەڵام ژمارەیەکى زۆریش لۆگۆیان نەبەستووە، بەپێى بڕیارەکەى هەردوو وەزارەتیش دواى ئەو وادەیەى دیارکراوە هەر خاوەن تاکسییەک پایەندى بڕیارەکە نەبێت بەبڕى 500 هەزار دینار سزاد دەردێ”.
‘لە دواى 1ى ئابەوە هەر تاکسییەک لۆگۆى نەبەستبێ بە 500 هەزار دینار سزا دەدرێ’
