وەزارەتى کارەبا سەبارەت بە کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان ڕوونکردنەوە دەدات

گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەهۆى لەکارکەوتنى دوو وێستگەى کارەبا کاتژمێرەکانى پێدانى کارەبا بە هاووڵاتیان کەمبوونەتەوە، بەڵام هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ چاککردنەوەى وێستگەکان. ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “بەهۆى لەکارکەوتنى دوو وێستگەى کارەبا لە هەولێر و سلێمانى، نزیکەى 400 مێگاوات کارەباى بەرهەمهاتوو کەمى کردووە، بەمەش پێدانى کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتیمانى بە هاوبەشانى کارەبا کەمی کردووە، چونکە بەر لە دروستبوونى گرفتەکە رۆژانە 18 بۆ 19 کاتژمێر کارەبا دەدرا بە هاونیشتیمانیان”. راشیگەیاند: “دواى دروستبوونى گرفتەکە لە هەردوو وێستگەى هەولێر و سلێمانى، کاتژمێرەکانى پێدانى کارەبا کەمى کردووە، ئێستا رۆژانە 13 بۆ 14 کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە هاووڵاتیان”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد: ” دواى هەڵسەنگاندنى دۆخەکە و بەدواداچوون بۆمان دەرکەوتووە چاککردنەوەى گرفتەکە پێویستى بە گوژمەیەکى زۆر پارە هەیە، چونکە هەردوو وێستگەکە پێویستیان بە ئەنجامدانى چاکسازییە، بۆیە ئێمەش هەوڵەکانمان چڕۆکردووەتەوە بۆ ئەوەى هەرچى زووە ئەم وێستگانە چاک بکرێنەوە و پێدانى کارەبا بگەڕێنینەوە بۆ دۆخى پێش رووداوەکە”.