لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: لەم مانگەدا 20 ئۆپەراسیۆنى هاوبەش بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە عێراق ئەنجامدراون

نوێنەرێکى کورد لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى عێراق رایگەیاند پێکهێنانی ژوورەکانى ئۆپەراسیۆنەهاوبەشەکان کاریگەرى باشى هەبووە لەسەر کەمکردنەوەى ووڵەى داعش، لە ماوەى مانگێکیشدا 20 ئۆپەراسۆنى هاوبەش ئەنجامدراون. لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەرى هەردوو وەزارەتى ناوخۆ و پێشمەرگەى هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ژوورى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “دواى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا و پێکهێنانى ژوورەکانى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق، ئێستا هەماهەنگییەکى باش لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا هەیە بۆ ئەوەى بەهەردوولا بتوانین ئەو ئامانجەى هەمانە بەدى بێنین، ئەویش دابینکردنى ئاسایش و نەهێشتنى جموجۆڵى چەکدارانى داعشە”. راشیگەیاند: “ئامانجى سەرەکى ژوورە هاوبەشەکانى ئۆپەراسیۆن لە نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق، نەهێشتنى جموجۆڵ و خاپوورکردنى بنکە و بارەگاکانى چەکدارانى رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە، بۆیە لە هەر شوێنێک ئەوان چالاکى ئەنجام بدەن دەبنە ئامانجى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەتایبەت بۆ ئێمە ناوچە کوردستانییەکان زۆر گرنگە”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد: “تەنیا لە ماوەى ئەم مانگەدا زیاتر لە 20 ئۆپەراسیۆنى هاوبەش کراونەتە سەر بنکە و بارەگاکانى چەکدارانى تیرۆریستى داعش لە ناوچە جیاجیاکانى عێراق، ئەو ئۆپەراسیۆنانەش بە هەماهەنگى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق و هاوپەیمانان بەڕێوەدەچن”.