ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەر لەوەی بە سەردانێك بگاتە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ بەرپرسانی هاوپەیمانیی ناتۆ لە برۆكسل، داوای لێ كردن كاتی كێشانەوەی هێزەكانیان لە عێراق دیاری بكەن. كازمی لە كۆبوونەوەكەی برۆكسلدا بە بەشداریی نوێنەرانی هەمیشەیی وڵاتانی هاوپەیمانیی ناتۆ داوای كرد ڕێوشوێنێك بۆ كات و چۆنیەتی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتیی ئەمریكا لە عێراق بدۆزرێتەوە. سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراق گوتی ناتۆ هاوبەش بووە لە هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنی عێراق لە شەڕی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا، هەروەها وڵاتەكەی پێزانینی بۆ ڕۆڵی بەرچاوی ناتۆ هەیە لە پشتیوانیكردنی بنیاتنانەوەی دەزگای سەربازیی عێراق. لە لایەكی ترەوە پێش كەمێك نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵیی عێراق بڵاوی كردەوە كە مستەفا كازمی بە سەردانێك گەیشتووەتە ڕۆما و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتەدا كۆبێتەوە. جێی باسە ئەمە دووەم سەردانی كازمییە بۆ وڵاتانی ئەورووپا لە ماوەی یەك ساڵدا، دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری 2020دا وەك سەرۆك وەزیرانی كاتی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی پێبەخشرا، ساڵی رابردوو لە سەردانەكەیدا بۆ ئەورووپا، هەرسێ وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیای بەسەركردبووەوە.
كازمی داوا لە ناتۆ دەكات كاتی كێشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دیاری بكەن
