ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى په‌روه‌رده و خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشكراى كرد كه وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان, ڕه‌زامه‌ندیى نیشان داوه له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى كۆلیژێکی تایبەت بە شوێنه‌وار كه ده‌بێته یه‌كه‌م كۆلیژى له‌و جۆره. زێدان برادۆستى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له فراكسیۆنى پارتى به (باس‌نیوز)ى ڕاگه‌یاند: “زۆربه‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان خاوه‌ن شوێنهورى گرنگ و مێژوویین و پێویستیان به بایهخپێدانێكى ئه‌كادیمى و زانستى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى به ڕه‌سه‌نى بمێننه‌وه، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه داواكاریمان داوه‌ته وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى كه كۆلیژى شوێنه‌وار له زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین بكرێته‌وه”. گوتیشى: “وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا به شێوه‌ى سه‌ره‌تا ڕه‌زامه‌ندییان نیشان داوه له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌مان و ئه‌وه‌ى كه ماوه هه‌ندێ ڕێكارى پێویستى كردنه‌وه‌ى كۆلیژهكهیه”. زێدان برادۆستى باسى له‌وه‌ش كرد: “ئه‌وه ده‌بێته یه‌كه‌مین كۆلیژی تایبەتە بە شوێنەوار له هه‌رێمى كوردستان و شه‌شه‌م كۆلیژ له عێراق و دواى ڕه‌زامه‌ندی به‌پێى چه‌ند مه‌رج و ڕێنوێنییه‌ك بۆ ئه‌مساڵى خوێندن ده‌رچووانى پۆلى 12 ى ئاماده‌یى وه‌رده‌گرێت”.
وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆلیژێکی تایبەت بە شوێنه‌وار ده‌كاته‌وه
