عەشیرەتێكی عێراقی هەڕەشەی داخستنی كۆنسوڵخانەی فەرەنسا دەكات

ئەمڕۆ یەكشەممە شێخی عەشیرەتێكی عێراقی هەڕەشەی داخستنی كۆنسوڵخانەی گشتیی فەرەنسای كرد لە پارێزگای زی قاری باشووری وڵاتەكە، چونكە بە قسەی ئەو، كۆنسوڵی فەرەنسی سووكایەتی بە عەشیرەتەكە كردووە. لەمبارەیەوە شێخ قەیسەر ئال عەجیل حسەیناوی شێخی گشتیی عەشیرەتەكانی حسەینات لە لێدوانێكیدا بە ماڵپەڕی “شەفەق نیوز”ی راگەیاندووە كە عادل ئەلكەنزاوی كۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زی قار ڕۆڵی هێزی داگیركاری بینیوە و پەیوەندی عەشایەری سنوورەكەی هەڵوەشاندووەتەوە، بەتایبەتییش عەشیرەتەكانی حسەینات. عەجیل حسەیناوی ئاماژەشی بەوە كردووە “كۆنسوڵی فەرەنسی لە چەند كۆبوونەوەیەكدا گوتوویەتی كە تیرە و عەشیرەتەكانی حسەینات ڕەسەن نین و رەچەڵەكیان نییە، بەڵكو تەنها خەڵكانێكن لەیەكتری كۆبوونەتەوە، كۆنسوڵ بەم لێدوانانەی هەموو سنوورێكی بەزاندووە و دەستێوەردانی لە شتێكدا كردووە كە كاری ئەو نییە”. شێخی عەشیرەتەكانی حسەینات هەڕەشەی كردووە كە ئەندامانی عەشیرەتەكانی حسەینات هێشتا لە گردبوونەوەدان بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پێویست و لە ماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا، ئەگەر كۆنسوڵ داوای لێبووردن نەكات، ئەوا هەڵوێست وەردەگرن و دەچنە بەردەم كۆنسوڵخانەی فەرەنسی و دایدەخەن. ئاماژەشی بەوە دا كە عەشیرەتەكەیان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ باڵوێزی فەرەنسا لە عێراق كۆدەبنەوە و سكاڵای خۆیان لای ئەویش دەكەن.