ئەندامێکى لیژنەى تەندروستیى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند بڕیارە وەزارەتى تەندروستى پەیڕەوێکى تایبەت بە دابەزاندنى نرخى خزمەتگوزارى لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەربکات، چونکە ئەو نرخەى ئێستا هەیە زۆرە. د. گەلاوێژ عوبێد، ئەندامى لیژنەى تەندروستى و ژینگە و مافى بەکاربەر لە پەرلەمانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “بە ئامانجى کەمکردنەوەى نرخى خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە تایبەتەکان، بڕیارە وەزارەتى تەندروستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پەیڕەوێکى تایبەت دەربکات، ئەمەش دواى گفتوگۆى لیژنەى تەندروستى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ وەزیرى تەندروستى، چونکە ئێمە پێمان وایە ئەو پارەیەى نەخۆشخانە تایبەتەکان وەرى دەگرن زۆرە”. راشیگەیاند: “هەرچەندە ئێستا پڕۆژە یاسایەکى تایبەت بە نەخۆشخانە تایبەتەکان ئامادەکراوە و کارى باشى لەسەر کراوە، بۆ ئەوەى کاروبارى نەخۆشخانە تایبەتەکان بە یاسایەکى تازە رێکبخرێتەوە، بەڵام ئەوەى پەیوەندى بەنرخەوە هەیە پەیڕەوێکى لە لایەن وەزارەتەوە بۆی دەردەچێت”. ئاماژەى بەئەوەش کرد: “ئێمە تێبینیمان لەسەر نرخى خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە تایبەتەکان هەیە، چونکە ئەو پارەیەى لە بەرامبەر پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە نەخۆش وەردەگیرێت زۆرە، ئەم حاڵەتە بەتایبەت لەسەردەمى تەشەنەکردنى کۆرۆنا زۆر بەدى دەکرا”.
لە رێگەى پەیڕەوێکەوە نرخى خزمەتگوزاریى نەخۆشخانە تایبەتەکان کەمدەکرێتەوە
